سەرکردەى حەماسن

ناسنامەى ئەو کەسانە ئاشکرابوو کە لە هێرشەکەى سەر دەوحە کوژران

وریا فەتاح

میدیاکانی ئیسرائیل باس لەوە دەکەن کە سەرۆکی بزووتنەوەی حەماس لە کەرتی غەززە، خەلیل حەییە، ئامانجی هێرشێکی ئیسرائیل بووە بۆ سەر سەرکردەکانی حەماس لە دەوحە، بەرپرسانى قەتەریش توڕە و نیگەرانن لە هێرشەکە و دەڵێن،”چیتر تەحەمولى ئەو رەفتارە بێباکانەى ئیسرائیل ناکەین”.

بەرپرسانى ئیسرائیل بە میدیاکانى وڵاتەکەیان وتووە،”هێرشەکە سەرکردایەتی حەماسی لە قەتەر کردووەتە ئامانج، لەنێویاندا خەلیل حەییە و زاهر جەبارین و چەند سەرکردەیەکى تر کە دواتر ئاشکرا دەکرێن”.

هەرچەندە لێرە و لەوێ باس لە کوژرانى خالید مەشعەل دەکرێت کە سەرکردەیەکى دیارى حەماسە، بەڵام تا ئەم کاتە هیچ زانیارییەکى پشتڕاستکراوە نییە.

تائێستا هیچ هەواڵێکى فەرمى و پشتڕاستکراوە نییە کە چەند کەس لە هێرشەکەدا کوژراون.

قەتەر نیگەران و توڕەیە

قەتەر “بە توندی ئیدانەی” هێرشەکەی ئیسرائیل دەکات بۆ سەر سەرکردەکانی بزووتنەوەی حەماس لە دەوحە و بە ” ترسنۆکانە” ناوی دەبات.

مەجید ئەنساری، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەى قەتەر، دەڵێت “هێرشەکە دەستدرێژی و تاوانکارییە، پێشێلکردنی ئاشکرای سەرجەم یاسا و نۆرمەکانی نێودەوڵەتیەکان، و مەترسییەکی جددی لەسەر ئاسایش و سەلامەتی قەتەرییەکان و دانیشتوانی قەتەر دروست دەکات”.

دەشڵێت: قەتەر تەحەمولى ئەم رەفتارە بێباکانەی ئیسرائیل و تێکدانی بەردەوامی ئاسایشی ناوچەکە ناکات.