مۆندیالی 964

ئەگەر تۆ خاوەنی ئێمپابێ بیت و بیفرۆشی، ئەوە رێک دەتوانیت 10 هەڵبژاردەی وەک عێراقی پێ بکڕیت


ژووری هەواڵ

ئەگەر تۆ خاوەنی ئێمپابێ بیت و بیفرۆشی، ئەوە رێک دەتوانیت 10 هەڵبژاردەی وەک عێراقی پێ بکڕیت و رەنگە شتێکیشت بۆ بمێنێتەوە.
چەند کەسێکی شارەزا چوون لێکیان داوەتەوە کە نرخی هەڵبژاردە بەشداربووەکانی مۆندیال چەندە، فەرەنسا دەوڵەمەنترین هەڵبژاردەیەو عێراقیش لە داماوترینەکانە.
17 ملیارو 570 ملیۆن یۆرۆ، ئەمە نرخی هەموو هەڵبژاردە بەشداربووەکانی مۆندیالە.
سایتی (ترانسفێر مارکێت) هاتووە کۆی نرخی هەموو هەڵبژاردەکانی مۆندیالی دیاری کردووە، ئەمەش لەسەر ئەو بنەمایە دەکرێت کە یاریزانانی هەر هەڵبژاردەیەک لە بازاڕی گواستنەوەدا نرخیان چەندە، کە پێکەوە کۆیدەکەیتەوە کۆی نرخی هەڵبژاردەکە دەردەکەوێت.
بەپێی ئەم حیساب و کیتابە هەڵبژاردەی فەرەنسا بەهای لە هەموویان زیاترە نرخی هەڵبژاردەکە 1.53 ملیار یۆرۆیە، دوای ئەو ئینگلتەرا بە 1.31 ملیار یۆرۆ
تەماشای ئەم لیستە بکەن هەر 10 هەڵبژاردەکەی یەکەمیان تێدایە، دوای ئەوە کەمترین نرخەکانیتان پێ دەڵێم:
فەرەنسا 1.53 ملیار یۆرۆ
ئینگلتەرا 1.31 ملیار یۆرۆ
ئیسپانیا 1.26 ملیار یۆرۆ
پورتوگال 1.02 ملیار یۆرۆ
ئەڵمانیا 998 ملیۆن یۆرۆ
بەرازیل 912.2 ملیۆن یۆرۆ
هۆڵەندا 837.2 ملیۆن یۆرۆ
ئەرژەنتین 818.5 ملیۆن یۆرۆ
نەرویج 601 ملیۆن یۆرۆ
بەلجیکا 542.9 ملیۆن یۆرۆ
ئینجا با بێینە سەر هەڵبژاردە هەژارەکان
لە پلەی 44 هەڵبژاردەی ئێران هەیە بە 32.65 ملیۆن یۆرۆ، پلەی 45 بۆ هەڵبژاردەی کۆراساو دێت 25.83 ملیۆن یۆرۆ، ئینجا عێراق بە 21 ملیۆن یۆرۆ، دوای ئەو قەتەر بە 19.93 ملیۆن یۆرۆ، لە پلەی 48 کۆتایی هەڵبژاردەی ئەردەن هەیە بە 19.83 ملیۆن یۆرۆ.