نموونەیەکی جوانی دەستپاکی
لە سعودیە؛ حاجییەکی دهۆک 36 وەرەقە و ملیۆنێک دیناری بۆ حاجییەکی گەرمیان گەڕاندەوە
میلاد جەلال- گەرمیان
لە پەرستگەی پیرۆزی مەککە، حاجییەکی خەڵکی دهۆک نموونەیەکی باڵای دەستپاکی و ئەمەکداری نیشاندا، دوای ئەوەی بڕە پارەیەکی زۆری حاجییەکی دۆزییەوە کە خەڵکی گەرمیانە و بە تەواوی بۆی گەڕاندەوە.
حاجییەکی گەرمیانی لە کاتی بەجێهێنانی فەریزەی حەجدا، بڕی 36 گەڵا (3,600 دۆلار) و ملیۆنێک دیناری عێراقی لێ ون دەبێت. دواتر حاجییەکی خەڵکی دهۆک پارەکە دەدۆزێتەوە و سوور دەبێت لەسەر ئەوەی تا خاوەنەکەی نەدۆزێتەوە، دەست بە عیبادەتەکانی نەکات.
حاجییە دەستپاکەکەی دهۆک دەڵێت: “کە پارەکەم دۆزییەوە، لەبەر خۆمەوە وتم من ناچمە ناو حەرەمەوە بۆ عیبادەت، تاوەکو خاوەنی ئەم پارەیە نەدۆزمەوە و دڵی شاد نەکەمەوە.”
دوای گەڕانێکی زۆر، دواجار خاوەنی پارەکە دەدۆزرێتەوە و تەواوی بڕە پارەکەی رادەست دەکرێتەوە. خاوەنە گەرمییانییەکەش وێڕای دەربڕینی سوپاس و پێزانینی زۆر بۆ ئەو حاجییە، رایگەیاند: “ئەمە نیشانەی ئەوەیە کە پارەکەم بە حەڵاڵی پەیدا کردووە، بۆیە خودا بەم شێوەیە پارێزگاری لێکرد و گەڕایەوە دەستم.”
پێداچوونەوە: وریا فەتاح