بە رووداوی هاتوچۆ
دوو عومرەکاری کورد لە سعودیە گیانیان لەدەستدا و دووانیش برینداربوون
964+
محەمەد فاتیح
دوو عومرەكاری هەرێمی كوردستان، بە رووداوی هاتوچۆ لە سعودیە گیانیان لەدەستدا و دووانی تریش بە برینداری گەیەندرانەوە شارى هەولێر.
کاروان ستونی، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان، تایبەت بە 964ـى وت، بەهۆی رووداوێكی هاتوچۆوە، دوو عومرەكاری كورد لە سعودیە گیانیان لەدەستداوە و دووانی تریش بریندارن و ئەمبوڵانسیان بۆ ئامادەكراوە و گەڕێندراونەتەوە بۆ شاری هەولێر.
باسی لەوەشكرد، ئەمڕۆ بەڕێوەبەرایەتی گشتيی حەج و عومرە، بە هاوكاری لەگەڵ حكومەتی فیدڕاڵ و وەزارەتی تەندروستیی و بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پارێزگای رومادی و خودی نەخۆشخانەی فێركاری رومادی، ئەمبۆڵانس بۆ ئەو بریندارانە دابینكراوه.
دڵنیاییشیدا، كە تەندروستی هەردوو بریندارەكە باشە و لەئێستادا گەیندراونەتە شاری هەولێر، بەڵام ئەو دوو هاوڵاتییەی تر، هەر لەوێ كۆچی دواییان كردووه.