دوزخورماتوو
مێردمنداڵێک لە سەیراندا خنکا
سیروان خورشید – دوزخورماتوو
ئەمڕۆ هەینی 17.4.2026 لە کاتی گەشت و سەیراندا، مێردمنداڵێک لە چەمێکی نزیک گوندی وارانی لە ناوچەی داودەی سنووری خورماتوو خنکا و دواتر لەلایەن هاوڵاتیانەوە تەرمەکەی دەرهێنرا.
ئارام ئیحسان، مەلەوانێکی شارەزای ناوچەکەیە بە 964ـی وت، مێردمنداڵەکە لەگەڵ کەسوکاری بۆ گەشت سەردانی ناوچەکەیان کردووە، بەڵام بەهۆی ئاشنانەبوونی بە قووڵیی چەمەکە و نەزانینی مەلەوانی، لە کاتی چوونە ناو ئاوەکەدا خنکاوە.
وتیشی، دوای چەند خولەکێک لە رووداوەکە و بەهۆی دروستبوونی قەرەباڵغییەکی زۆر، گەیشتمە شوێنی رووداوەکە و توانیم لە ماوەیەکی کەمدا تەرمی مێردمنداڵەکە لەناو ئاوەکەدا بدۆزمەوە و دەریبهێنمەوە، دواتر لەلایەن کەسوکارەکەیەوە بە مەبەستی رێکارە یاساییەکان، تەرمەکە رەوانەی پزیشکی دادوەری کرا.
مێردمنداڵە خنکاوەکە ناوی “ئەلەند مەسعود”ە و تەمەنی 15 ساڵە، بنەماڵەکەیان پێشتر دانشتوی قەزای خورماتوو بوون، ئێستا نیشتەجێی ناحیەی زینانەن لە سنووری ناوچەی داودە.
پێداچوونەوە:توانا نەقی