بابەتەکە مان و نامانە

ئایا ئێران دەتوانێت هەمان کاری جەمال عەبدولناسر لە هورمز دووبارە بکاتەوە؟

فەرهاد حەسەن

بەراوری مێژوویەکی سەرەنجڕاکێش، هی 70 ساڵ لەمەوبەرە، بەڵام بۆ ئێستای جەنگی ناوچەکەو بابەتی تەنگەی هورمز یەکدەگرێتەوە، ئەوەی ئێستا کارەکتەرە سەرەکییەکەی هورمزە وڵاتی ئێرانە بەڵام رووداوە مێژووییەکەی 70 ساڵ لەمەوبەر پاڵەوانەکەی (جەمال عەبدولناسر) بوو، جا ئاخۆ ئێران لە تەنگەی هورمزدا هەمان ئەو کارە دەکات کە جەمال عەبدولناسر لە نۆکەندی سوێسدا ئەنجامی دا؟

لە ساڵی 1956، جەمال عەبدولناسر سەرۆککۆماری ئەوکاتی وڵاتی میسر بڕیاری “بەنیشتمانیکردن”ی نۆکەندی سوێسی دا، ئەمە تەنیا بڕیارێکی ئابووری نەبوو، بەڵکو خاڵێکی وەرچەرخان بوو کە هاوسەنگیی هێزی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەموو جیهاندا گۆڕی، چونکە نۆکەندەکە شادەمارێکی سەرەکیی گواستنەوەی نەوت و بازرگانی بوو، رێک وەکو تەنگەی هورمزی ئێستا.

لە مانگی تشرینی یەکەمی ئەو ساڵەدا، ئیسرائیل بە رێکەوتنێکی نهێنی لەگەڵ بەریتانیا و فەرەنسا هێرشی کردە سەر سینا، دواتر بەریتانیا و فەرەنسا بۆ گەڕاندنەوەی کۆنترۆڵی خۆیان و لادانی عەبدولناسر، راستەوخۆ هاتنە ناو جەنگەکەوە، بەڵام ئەمریکا و یەکێتیی سۆڤیەت فشارێکی زۆریان دروستکرد بۆ راگرتنی جەنگەکە، لە ئەنجامدا بەریتانیا و فەرەنسا و ئیسرائیل کشانەوە.

ئیدی لەوکاتەوە، جەمال عەبدولناسر وەک سەرکردەیەکی دژە ئیستعمار دەرکەوت و هەژموونی بەریتانیا و فەرەنساش کۆتایی هات و سیستەمێکی نوێی جیهانی بە سەرکردایەتی ئەمریکا و یەکێتیی سۆڤیەت دەستیپێکرد.

با بگەڕێینەوە سەر بابەتی تەنگەی هورمز…

ئەمڕۆ ئێران هەوڵدەدات واقیعێکی نوێ لە هورمز بسەپێنێت، ئەویش لە رێگەی کۆنترۆڵکردن، وەرگرتنی باج و میکانیزمێکی نوێ بۆ تێپەڕبوونی کەشتییەکان، چونکە ئێرانییەکان بە روونی وتوویانە “تەنگەی هورمز ناگەڕێتەوە بۆ دۆخی پێش جەنگ”.

لەم ناوەدا، رووسیا بەجۆرێک لە جۆرەکان پشتیوانی ئێران دەکات و دەڵێت ئەمریکا ناتوانێت بەرەنگاری ئەم واقیعە نوێیە ببێتەوە و دەبێت وڵاتانی کەنداو و ئێران و عومان بڕیاردەری ئەم بابەتە بن.

چین و پاکستان بەیەکەوە دەستپێشخەرییان بۆ پاراستنی سەروەریی وڵاتانی ناوچەکە و سەلامەتی هاتوچۆ پێشکەش کردووە.

ئەوروپا، بەدوای رێگەچارەیەکی نەرمدا دەگەڕێت بۆ دۆخی هورمز کە دوور بێت لە کردەوەیەکی رەقی سەربازی، بۆ ئەوەی ئەم شادەمارە گرنگەی بازرگانی بکرێتەوە.

وڵاتانی کەنداویش، هەندێکیان مەیلی بەکارهێنانی هێزیان هەیە بۆ کردنەوەی دەرگا هورمز، چونکە ترسی ئەوەیان هەیە ئێران لە داهاتوو وەک ئامرازێکی فشار لە بەرامبەریان بەکاری بهێنێت.

هەرچی ئیسرائیلیشە، دەیەوێت ئیدی جیهان پشت بە تەنگەی هورمز نەبەستێت و جێگرەوەش دروستکردنی رێگایەکی وشکانی بێت کە لە کەنداوەوە دەستپێبکات بەرەو ئیسرائیل و دواتریش بۆ ئەوروپا.

ئێستا، مۆڵەتە درێژکراوەکانی ترەمپ بۆ ئێران، تاوەکو کاتژمێر 3ـى بەرەبەیانى رۆژى چوارشەممەیە بە کاتى کوردستان، ناشزاندرێت سەرۆکی ئەمریکا لەدوای ئەو مؤڵەتەوە چی دەکات؟ جارێکی دیکە درێژی دەکاتەوە یاخود وەکو تاکتیک بەکاری دەهێنێت و لەپەنای ئەم مۆڵەتانەدا دەست بە جەنگێکی بێ ئامان دەکات،

بەڵام پرسیار ئەوەیە، ئەگەر ئەمریکا هەوڵبدات لەرێگەی هێزەوە تەنگەی هورمز بکاتەوە، بڵێی رووبەڕووی ساتێکی مێژوویی ببێتەوە کە تێیدا هەژموونەکەی وەکو 70 ساڵ لەمەوبەری بەریتانیا و فەرەنسا کۆتایی بێت؟