"پۆلیس هۆشداری دەدات"
ئهمڕۆ دووهم حاڵهتی خنكان له سنووری خورماتوو تۆمار كرا
سیروان خورشید – دوزخورماتوو
ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی 17.4.2026 گەنجێکی تەمەن 18 ساڵانی دانیشتووی ناحیەی سلێمانبەگی سەر بە قەزای خورماتوو لە کاتی مەلەکردندا لە نزیک پردی عوسمانی لە قەزای داقوق خنکا و دواتر لەلایەن خەڵکی ناوچەکەوە تەرمەکەی دەرهێنرا، ئەمەش دووەم حاڵەتی خنکانی ئەمڕۆیە لە سنووری خورماتوو.
سەمیر جاسم، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی داقوق ڕایگەیاند: “تەرمی مێردمنداڵەکە گەیەندراوەتە نەخۆشخانەکەمان و دوای ئەنجامدانی پشکنینە پزیشکییەکان، دەرکەوتووە کە هۆکاری گیانلەدەستدانەکەی خنکان بووە لەناو ئاودا.
وتیشی، دوای تەواوکردنی رێکارە یاسایی و پزیشکییەکان، تەرمەکە ۆەوانەی پزیشکی دادی کەرکوک کراوە.
سەرچاوەیەک لە پۆلیسی گشتیی داقوق بە964ـی وت، دوای رووداوەکە دەستبەجێ هێزەکانیان گەیشتوونەتە شوێنەکە و دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە و بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، مێردمنداڵەکە بە مەبەستی مەلەکردن چووەتە نێو ئاوەکە، بەڵام بەهۆی قوڵیی شوێنەکە و نەشارەزایی لە مەلەکردندا، نوقمی ئاوەکە بووە و خنکاوە.
سەبارەت بە رێکارەکانی سەلامەتیڤ، ئەو سەرچاوەیەی پۆلیس وتی، لە رابردوو هۆشداری ئەوەمان داوە بە گەنجان و ئەو خێزانانەی کە بۆ گەشت و سەیران روو لە ناوچەکە دەکەن و پێمان وتوون، لەم کاتانەدا کە هێشتا وەرزی هاوین نەهاتووە و پلەکانی گەرما جێگیر نین و ئاوی رووبار و چەمەکان بەهۆی بارانبارینەوە ئاستیان بەرزە و لێڵن، مەلەکردن تێیاندا زۆر مەترسیدارتره.
وتیشی، پۆلیس داوا لە هاوڵاتیان دەکات دووربکەونەوە لە مەلەکردن لەو شوێنانەی کە تابلۆی قەدەغەکردنی لێیە، یان تیمەکانی بەرگریی شارستانی لێ نییە، چونکە لەم وەرزەدا قوڕ و لیتەی بن ئاوی رووبارەکان گۆڕانکارییان بەسەردا هاتووە و دەبنە هۆی خنكانی هاوڵاتیان.
ئهمڕۆ ههینی ئهمه دووهم حاڵهتی خنكانه له ئاو له سنووری خورماتوو، دوای ئهوهی مێردمنداڵێک لە چەمێکی نزیک گوندی وارانی لە ناوچەی داودەی سنووری خورماتوو خنکا و تەرمەکەی ئهویش لەلایەن هاوڵاتیانەوە دەرهێنرا.
پێداچوونهوه: ئهرسهلان عهبدوڵا