سهرۆك وهزیرانی بهریتانیا و ئیتالیا لهگهڵ سهرۆكی فهرهنسا و راوێژكاری ئهڵمانیا
ئەوروپا دەیەوێت هێزی ئاشتپارێز بنێرتە گەرووی هورمز
“گەرووی هورمز بەبێ وەرگرتنی پارە و بەبێ سنووردارکردن بکرێتەوە”
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا کیێر ستارمەر رایگەیاند، “زیاتر لە 12 وڵات” پێشنیاریان کردووە بەشداری بکەن لە ئەرکێکی فرەنەتەوەیی “ئاشتیانە و بەرگریکارانە”، بە سەرۆکایەتی لەندەن و پاریس، بۆ پاراستن و دەستەبەرکردنی گەرووی هورمز، کە “بە زووترین کات بارودۆخەکە گونجاو بوو جێگیر بکرێن.
کۆبوونەوەی لووتکەی پاریس ئەمڕۆ هەینی 17.4.2026 بەڕێوەچوو، كە نزیکەی 30 وڵات بە شێوەیەکی راستەوخۆ و لە رێگەی ڤیدیۆکۆنفرانسەوە بەشداربوون.
سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا، ئاماژەی بەوە کرد، کارکردن لەسەر “پلانی سەربازی” بۆ ئەم هێزە بەردەوام دەبێت.
ئاشکراشی کرد کۆبوونەوەیەک هەفتەی داهاتوو لە لەندەن بەڕێوەدەچێت و تێیدا وردەکاری زیاتر سەبارەت بە پێکهاتەکەی رادەگەیەنین.
ستارمەر داوای کرد گەرووی هورمز “بەبێ وەرگرتنی پارە و بەبێ سنووردارکردن بکرێتەوە”.
لە درێژەی قسەکانیدا شانبەشانی ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، جۆرجیا مێلۆنی، سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا و فریدریش مێرز، راوێژکاری ئەڵمانیا، ستارمەر وتی: ئەمە پێویستی ئەو کارانە بەهێزتر دەکات کە پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لە پاریس ئەنجاممانداوە.
جەختیشی لەوە کردەوە کە “ئەم ئەرکە ئاشتیانەیە و تەنیا بەرگرییە، ئامانجی دڵنیاکردنەوەی کەشتیوانی بازرگانی و پشتگیریکردنە لە پاککردنەوەی مین”. ئاماژەی بەوەش کرد “زیاتر لە دەیان وڵات پێشتر پێشنیاریان کردووە بەشداری بکەن”.
لای خۆیەوە ماکرۆن پێشوازی لە راگەیاندنی ئێران کرد بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز تا مانەوەی ئاگربەست، بەڵام جەختی لەوە کردەوە کە بەشداربووانی لووتكەی پاریس داوای “کردنەوەی تەواوەتی و بێ مەرج لەلایەن هەموو لایەنەکانەوە” دەكەن.
ئاماژەی بەوەش کردووە، “ئەو ئەرکە ئەمنییە سەربازییە پێشنیارکراوەی ئەم وڵاتانە رەواترە، چونکە رێگە بە بەردەوامییەكی درێژخایەن دەدات”.
ئهمه لووتكهیهی پاریس له كاتێكدایه، ئهمڕۆ ههینی ئێران كردنهوهی تهواوی گهرووی هورمزی بۆ كهشتییه بازرگانییهكان راگهیاند و سهرۆكی ئهمریكاش دووپاتیكردهوه گهرووهكه كراوهتهوه.