منداڵەکەیان بە ناوی پەیامنێری 964ەوە دەکەن

فرمێسکەکانی دایکێکی هەژار گۆڕا بۆ زەردەخەنە

964+

دیلان محەمەد

لە یادی مەولودا پەروەردەی سلێمانی دڵی منداڵەکانی پەروینی زەنگیان خۆشكرد و باری سەرشانیان سوک کرد، لە خۆشەویستیشدا بڕیانداوە هەرکامیان لە داهاتوو منداڵێکیان بوو ناوی بنێن دیلان.

بەڕێوەبەری پەروەردەی سلێمانی و پەیامنێری 964  فرمێسکەکانی پەروین محەمەدیان گۆڕی بۆ خەندە و ئەمڕۆ لە یادی لەدایکبوونی پێغەمبەری موسڵماناندا، لە پەڕاوگەی محەمەد لە شاری سلێمانی سەرجەم پێداویستییەکانی منداڵ و نەوەکانیان دابین کرد بۆ ساڵی نوێی خوێندن و گفتەکەیان بەجێهێنا.

لە دوو هەفتەی رابردوودا دیلانی پەیامنێر لە نزیکەوە سەردانی هونەرمەند پەروینی زەنگی کرد و لە حاڵ و ئەحواڵی پرسی، پێی وتین، کە تەندروستی زۆر خراپە  و نەخۆشی و نەبوونی ژیانی تاڵ کردووە و ناتوانێت لە ماڵەکەی خۆشی بە باشی رێ بکات، جگە لەوەی کرێی سێ مانگی خانووەکەشی قەرزاربوو، هاوکات سێ کوڕەزاشی بەخێودەکات کە دایکیان نەماوە و ترسیشی هەیە لە دەسپێکی خوێندن چۆن پێداویستیەکانیان بۆ دابین بکات.

هەر دوای دیمانەکەی 964، پەروەردەی سلێمانی هاتە سەر خەت و بەڵێنی پێدا کە خەرجی منداڵەکانی بۆ ساڵی نوێی خوێندن دابین بکات و تەواوی پێداویستییەکانیشیان لە جلوبەرگ و دەفتەر و قەڵەم و جانتا و کتێب بێ بەرامبەر بۆ تەرخان بکات.

پەروین محەمەد و نەوەکانی، دڵخۆش بوون بەم کارەی دیلانی پەیامنێر و وەعدیان پێدا، کە لەناو خۆیاندا واڕێکەوتوون هەر کامیان منداڵێکی ببێت ناوی بنێن دیلان.

پێداچوونەوە: پەری ساڵح

پەروینی بەرنامەی زەنگ چاوەڕوانی کەرەمی خوایە

پەروینی بەرنامەی زەنگ چاوەڕوانی کەرەمی خوایە