كاریگەرییەكانی جەنگ كوشندەن
ئەڵمانیا بێ ئەوەی فیشەک بتەقێنێت زیانی 46 ملیار دۆلاری پێكەوتووە
964+
فەرهاد حەسەن
لەناو كوردەواری خۆماندا پەندێك هەیە دەڵێت (نەکردی و نەخواردی لە سمێڵانت مەیی) ئەمە رێك بۆ ئێستای وڵاتێكی ئەوروپی راستە، كە جەنگی ئێستا چی بەسەرهێناوە.
ئەم وڵاتە، بەبێ ئەوەی یەك یەک فیشەک بتەقێنێت، بێ ئەوەی بەشدار و هاوپەیمانی لایەنێكی جەنگەكە بێت، بێ ئەوەی بە موشەك و درۆن هێرشی كرابێتە سەر، سەرەڕای ئەوەی هەزارەها كیلۆمەتریش لە مەیدانی جەنگەكە دوورە، كەچی زیانی 46 ملیار دۆلاری پێكەوتووە.
ئەم وڵاتە ئەڵمانیایە، خەریكە بەهۆی جەنگی ئەمریكا و ئیسڕائیل لە بەرامبەر ئێران و داخستنی تەنگەی هورمز، بەرەو وێرانی دەچێت.
ئەڵمانیا بەفەرمی رایگەیاندووە، جەنگەكەی ئێستا بە شێوەیەکی راستەوخۆ هەڕەشە لە ئابوورییەكەی دەکات، راوێژکاری وڵاتیش هاتە سەر تەلەفزیۆن و ئاشكرای كردووە کە جەنگی ئێران بووەتە هۆی دروستبوونی کێشەی گەورە بۆ وڵاتەکەی، بۆیە بە ناچاری چەند بڕیارێكی دەركردووە:
باجی سەر سووتەمەنی بە بڕی 17 سەنت بۆ هەر لیترێک بۆ ماوەی دوو مانگ کەمكردووەتەوە.
پاکێجێکی پشتیوانیی ئابووری بە بڕی 1.6 ملیار یۆرۆ راگەیاندووە و بڕیاریشی داوە باج لەسەر پاداشتی فەرمانبەران لابدات (کە لە هەزار یۆرۆ تێپەڕ نەکات)
جگە لەمانە، ئەم بارودۆخە فشارێکی زۆری خستووەتە سەر پیشەسازییەکانی ئەڵمانیا و تێچووی ژیانی بەرزکردووەتەوە. هاوکات هۆشداری دەدرێت لە قەیرانی وزە، کە رەنگە ببێتە هۆی کەمیی دیزڵ و سووتەمەنی.
بۆ سووتەمەنی تایبەت بە فڕۆکەش، راپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن ئەگەر قەیرانەکە بەردەوام بێت، ئەگەری هەیە كورتهێنانێكی زۆر لە سووتەمەنیی فڕۆکەدا روو بدات، ئەگەر ئەوەش رووبدات، بێگومان گەشتە ئاسمانییەكان دەوەستن.
پێشتر ئەڵمانیا ناچار بووە پەنا بۆ بەشێک لە یەدەگی ستراتیژیی نەوتی خۆی ببات بۆ پڕکردنەوەی ئەو کورتهێنانەی بەهۆی جەنگەکەوە دروستبووە، بەڵام وا دیارە ئەمەش بەس نییە و چارەی دەردەكەی ناكات.
لە هەمووی كارەساتتر، لە ساڵانی رابردوو زۆربەی پەنابەران لەوڵاتانی جیاوازەوە روویان لە ئەڵمانیا كردووە و لەوێ دەژین، كەچی ئێستا خەریكە ئەڵمانییەکان لە وڵاتەكەیان كۆچ دەكەن، بەپێی راپۆرتانەی دراونەتە حكومەت، ئەو فشارە ئابوورییانەی كە بەهۆی جەنگەوە لەسەر ئەم وڵاتە دروستبووە، وایكردووە نزیکەی پێنج یەکی گەلی ئەڵمانیا بیر لە جێهێشتنی وڵاتەکەیان بکەنەوە، ئەویش بەهۆی گرانی كەلوپەل و پێداویستی رۆژانەی ژیانیان و بژێویان سەخت و ئاڵۆز بووە، باشە ئەگەر ئەوە رووبدات، ئەی پەنابەرانی ناو ئەو وڵاتە بۆ كوێ سەرهەڵدەگرن؟؟!
بەتەنیا ئەڵمانیا نییە رووبەڕووی فشاری ئەو جەنگە بووبێتەوە، بەڵكو زۆربەی وڵاتانی ئەوروپا تووشی ئەو دەردە بوونە، بەڵام ئەوە ئەڵمانیایە بەروون و ئاشكرایی بە جیهان و خەڵكەكەی دەڵێت: ئەها جەنگەكە چی بەسەرهێناوم، دەنا وڵاتانی دیكەی ئەوڕوپاش حاڵیان لەو باشتر نییە، چونكە بەتەنیا داخستنی تەنگەی هورمز گەورەترین قەیرانی وزەی لە ئەوروپادا دروستكردووە و لە ئێستادا زۆربەیان بەدەست بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و گازەوە دەناڵێنن.
ئێستا بیر لەوە دەكەمەوە، باشە ئەڵمانیایەك بەو هەموو زەبەللاحی و ئابورییە بەهێزییەیەوە، كە نزیكەی پێنج هەزار كیلۆمەتریش لە مەیدانی جەنگەكەوە دوورە، وای بەسەرهاتبێت، ئاخۆ دەبێت عێراق و هەرێمی كوردستانەكەی خۆمان، كە هاوسنووری مەیدانی جەنگەكەن و ئەوەندە نزیكن چەندینجار پریشكی ئاگرەكەیان بەرکەوتووە، چیان بەسەر هاتبێت؟ یان بەشێوەیەكی تر، ئەگەر خوانەخواستە جەنگ و ململانێكە زیاتر لەوەی هەیە درێژە بكێشێت، بڵێی چیان بەسەربێت؟