لەبرى زەنگ سروودى نیشتمانى
پەرلەمانی عێراق چەند بڕیارێکى لەبەرژەوەندى قوتابیان دەرکرد
وریا فەتاح
ئەمڕۆ دووشەممە 6ی نیسانی 2026، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە سەرۆکایەتی “هەیبەت حەلبوسی” دانیشتنی خۆی ئەنجامدا. دانیشتنەکە بە گۆڕانکاریی لە شێوازی دەستپێکردن و بڕیاردان لەسەر چەندین دۆسیەی گرنگ کۆتایی هات.
دیارترینی بڕیار و پێشهاتەکانی دانیشتنەکە:
1. جێگیرکردنی لیژنە پەرلەمانییەکان: پەرلەمان دەنگی دا لەسەر دیاریکردنی ئەندامانی ئەم لیژنە هەمیشەییانە:
لیژنەی کشتوکاڵ، سەرچاوە ئاوییەکان، زۆنگاوەکان و ژینگە.
لیژنەی کارەبا و وزە.
لیژنەی شەهیدان، قوربانیان و زیندانیانی سیاسی.
2. مژدە بۆ خوێندکاران (ڕاسپاردەکانی لیژنەی پەروەردە): لیژنەی پەروەردەی پەرلەمان، دوای کۆبوونەوە لەگەڵ جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمان، چەند راسپاردەیەکی گرنگی ئاراستەی وەزارەتی پەروەردە کرد:
لادانی بەشەکانی کۆتایی: پێشنیازی سڕینەوەی وەرزەکانی کۆتایی پڕۆگرامی خوێندن بۆ هەموو قۆناغەکان (کۆتایی و ناکۆتایی) بەبێ زیانگەیاندن بە ئاستی زانستی.
گۆڕانکاری لە تاقیکردنەوەکان: هەموارکردنی خشتەی تاقیکردنەوە وزارییەکانی پۆلی شەشی ئامادەیى، بە شێوەیەک تاقیکردنەوەکان رۆژ نا ڕۆژ بن.
چاککردنى تێکڕا: دەرکردنی بڕیارێک بۆ چاککردنى تێکڕا کۆنمرەی (تحسین معدل) خوێندکارانی پۆلی شەشی ئامادەیی بۆ ساڵی خوێندنی (2024-2025) بۆ یەک یان دوو بابەت.
تاقیکردنەوە دەرەکییەکان: کردنەوەی سەنتەری تاقیکردنەوە بۆ خوێندکارانی “خارجی” لە ناوەندی قەزاکان نەک تەنها لە سەنتەری پارێزگاکان.
3. گۆڕانکاری لە پرۆتۆکۆڵی دانیشتنەکان: پەرلەمان بڕیاریدا لەمەودوا لەبری بەکارهێنانی “زەنگ”، سروودی نیشتمانی عێراق وەک ئاماژەیەک بۆ دەستپێکردنی دانیشتنەکان بەکاربهێنرێت.
4. دەروازە سنوورییەکان: عەدنان فەیحان، جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمان، داوای ئامادەکردنی نەخشەڕێگەیەکی ئابووری کرد بۆ بەڕێوەبردنی دەروازە سنوورییەکان، بە ئامانجی زیادکردنی داهاتی دەوڵەت و پاراستنی بەرهەمی ناوخۆیی.
دواتر ئەنجومەنی نوێنەران کۆتایی بە دانیشتنەکەی هێنا و کۆبوونەوەکە هەڵگیرا.