"ئاگری وا مەترسیدارم نەبینیوە"

خۆبەخشێک زیاتر لە 30 کاتژمێر رووبەڕووی ئاگرەکەی پێنجوێن بووەتەوە

کامیار کەمال – پێنجوێن

بەختیار عەلی گەنجێکی خۆبەخشی رێکخراوی ملەکەوە زیاتر لە 30 کاتژمێر و بێ پشوودان رووبەڕووی ئاگرەکەی پێنجوێن بووەتەوە و وەک خۆی دەڵێت، ئاگری وا بڵێسەدار و مەترسیداری نەبینیوە.

بەختیار عەلی لە پشوودانێکی کورتدا قسەی بۆ مایکی 964 کردووە و دەڵێت، “بەڕاستی دۆخمان زۆر جێگیر نەبوو، چونکە ئاگرەکە زۆر بڵێسەدار و مەترسیدار بوو و لەگەڵ ئەوەشدا رەشەبای لەسەر بوو، هەربۆیە زۆر هیلاک بووین و خۆپاراستن بۆ ئێمە بڕێک دژوار بوو و هەندێک جار ڕامان دەکرد و خۆمان دەخستە بن تاشەبەردەکان”.

ئاماژەی بەوەشکرد، 15 ساڵە ئاگر دەکوژێنێتەوە، ئاگری وا بەهێز و مەترسیداری نەبینیوە، کە بە هۆیەوە جگە لە پوش و پاوان و دارستان ژمارەیەکی زۆر ئاژەڵ و خشۆکەکان سووتاون.

نزیکەی پێنج رۆژە ئاگرێک لە سنووری قەزای پێنجوێن سەریهەڵداوە و هەرچەندە چەند جارێک کۆنتڕۆڵ کراوە، بەڵام دووبارە سەریهەڵداوەتەوە و تا ئێستاش بەتەواوەتی نەکوژێنراوەتەوە، بەپێی راگەیەنراوێکی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانیش، کەسێک بە تۆمەتی نانەوەی ئاگرەکە دەستگیر کراوە.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری