کەلکەسماق

بەراز و وشکەساڵى؛ نیشتمانى رەزى بێ ترێ کردووە

عەزیز عەبدوڵا – دوکان

گوندى کەلکەسماق کە بە نیشتمانى رەز ناسراوە، بەهۆى بێبارانى و هێرشى بەرازەوە بۆ ئەمساڵ بێ ترێ بوون و جوتیارانیش رەنج بەخەسار بوون.

گوندەکە ساڵانە بەرهەمێکى زۆرى ترێ و مێوژى هەیە، هەڵکەوتەى شوێنەکە و بوونى شاخ و قەدپاڵ، ناوچەکەى لەبار کردووە بۆ گوندنشینان تا سەرقاڵى رەزى ترێ بن.

جەلال عەبدولرەحمان یەکێک لە خاوەن رەزەکانى گوندەکە قسەى بۆ 964 کردووە و دەڵێت: رەزەکەم 300 مێوى تێدایە، ساڵى پار 100 سندوق ترێ و مێوژم هەبووە، کەچى ئەمساڵ بۆ ناوى سوێند یەک سندوقم ئەگەر هەبێت”.

بێبارانییەکە واى کردووە، مەترسى وشکبوون لەسەر رەزەکە دروست ببێت، نزا دەکەین ساڵى ئایندە باران زۆربێت و ببوژێنەوە.

هەر وشکەساڵى نا، هێرشى بەرازیش یەکێکى ترە لە مەترسییەکانى سەر رەز و باخەکان، بەهۆیەوە بەشێک لە جوتیارەکان ناچار بوون رەزەکانیان چۆڵ بکەن.

گوندە کەلکەسماق بەدوری کەمتر لە پێنج کیلۆمەتر دەکەوێتە قەزای دوکان، لەئێستادا زیاتر لە 150ماڵ تێیدا نیشتەجێن.

پێداچوونەوە؛ وریا فەتاح