بیناسازی ناوخۆش هاتوونەتە مەیدان
350 کۆمپانیا لە هەشتەمین پێشانگای نێودەوڵەتی بیناسازیی هەولێر
ئەحمەد شەمزین – هەولێر
هەشتەمین پێشانگای نێودەوڵەتیی کەرەستەی بیناسازی، تەکنەلۆژیا و ئامێرەکانی فێنککەرەوە، بە ئامادەیی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و محەمەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان، لە پێشانگای نێودەوڵەتیی هەولێر کرایەوە.
لە پێشانگاکەدا ژمارەیەک لە کونسڵ و نێردەکانی وڵاتان، سەرۆک و ئەندامانی ژووری بازرگانی و پیشەسازی و کۆمەڵێک لە کۆمپانیا و پیاوانی کار بەشداربوون.
350 کۆمپانیای ناوخۆیی و بیانی، 400 براندی جیهانی و نوێنەرانی 11 وڵات، نوێترین بەرهەم و تەکنەلۆژیاکانی بواری بیناسازی و کەرەستە و ئامێرە پەیوەندیدارەکان لە پێشانگاکەدا پیشان دەدەن.
هۆشمەند محەمەد، سەرپەرشتیاری پێشانگایی نێودەوڵەتی بیناسازی بە 964ی وت، ماوەی چوا رۆژ پێشانگاکە بەردەوام دەبێت و ئەوەی تائێستا بینراوە خواست لەسەر براندە ناوخۆییەکان زۆرە و کۆمپانیا و براندە نێودەوڵەتییەکان دێن سەردانیان دەکەن.
پێشانگاکە ئامانجی ناساندنی براندە ناوخۆیی و جیهانییەکان و بەهێزکردنی پەیوەندییە بازرگانییەکان و بەرزکردنەوەی کوالێتیی بیناسازی لە هەرێمی کوردستانە.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا