ئەویش دەڵێت "بەسەرچاو"
رۆژنامەنوسێک داوایەک لە پارێزگارى هەڵەبجە دەکا
964+
وریا فەتاح
ئاسۆ عەبدولـلەتیف، نوسەر و رۆژنامەنوس داوایەک لە نوخشە ناسیح پارێزگارى هەڵەبجە دەکات و دەڵێت، بەو هەلیکۆپتەرە سوورە تا بەغداد مەوەستە و راسپاردەو زیان و دەرخستەکانی ئاگرەکەى هەڵەبجە بگەیەنە دەسەڵاتدارانى ناوەند بۆ ئەوەى قەرەبووى هەڵەبجە بکەنەوە، پارێزگارى هەڵەبجەش وەڵامى داوەتەوە و نوسیویەت،”بەسەرچاو”.
ئەو رۆژنامەنوسە، لەپەڕەى خۆى لە فەیسبوک لەبارەى ئاگرەکەى هەڵەبجە نوسینێکى بڵاو کردووەتەوە و تێیدا هاتووە،”ئەو ئیجماع و کۆنەست و ئیرادەو دڵسۆزیەی دروست بوو بۆ کارەساتی ئاگرکەوتنەوەکەی ناوچەی کۆکۆیی هەڵەبجە، گرنگە وانەو پەندی ئەخلاقی و سیاسیی لێوەرگرین و بۆ هەڵەبجەش سەرمایەگوزاریی مرۆیی و مەعنەویی پێوە بکەین”.
“لێرەوە پێشنیار دەکەم جەنابی پارێزگار نوخشە ناسیح هەر بەو مۆتیڤ و ئیحساسە بەرزەوە لەگەڵ تیمەکەی، نەوەستێ و بچێتە بەغداو راسپاردەو زیان و دەرخستەکانی ئەم کارەساتەو کۆی خەم و ژان و ئازارو داواکاریەکانی تری پارێزگاکەی بگەیەنێتە دەسەڵاتداران و لایەنی جێبەجێکارو یاسادانەرانی عێراق تا جارێکی تر ئەم رووداوانە دروست نەبنەوە”، ئاسۆ عەبدولـلەتیف واى نوسیوە.
وەک ئەوەى ئەو رۆژنامەنوسە روونى کردووەتەوە، ئەو ناوچەیەى لە پارێزگاى هەڵەبجە ئاگرکەوتنەوەى تێدا دروستبووە، لەسازانەوە بۆ نەیجەڵەو تلێوەرێ و چنارو مۆردین و لمەو پێگەو ئاوەمارو قوڵی متکان تابەری سیروان و مەڕەخێڵ ناوچەگەلێکی فراوانی گرتەوە کە گەشتیاری و سروشتی و کشتوکاڵین، بەشی سەرەکی لەژێر کۆنترۆڵی فەرماندەیی پاسەوانی سنووری عێراقەو ئەوان دیدەوانیی دەکەن و حوکمی ئەکەن، ناوچەیەکی سەخت و شاخاوی و گەرمەسێرە، پڕلەوزەو سەوزایی و سەرچاوەی بەرهەم و بژێویی جوتیاران و ئاژەڵدارانەو بە سامانێکی میللی سروشتی دادەنرێت، ئێستا ئەو هەمووە زیانەی بەرکەوتوە، دەبێ بۆ سەوزکردنەوەو ئاوەدانکردنەوەو رێگاوبانەکەی، بەشێوەیەکی فەرمی داوای قەرەبوو لە حکومەتی عێراقی بکرێت و پابەند بکرێ بەخێرایی بەدەم قوربانیەکانەوە بێن و بەیاساو بودجەی عێراق قەرەبووی زیانەکانی پارێزگای نۆزدەهەم بکەنەوە”.
بە بۆچوونى ئەو رۆژنامەنوسە، قەرەبووکردنەوە و بوژاندنەوەى هەڵەبجە، بەدەرەجەی یەکەم ئەرکی حکومەتی مەرکەزییە ئینجا حکومەتی هەرێم کە نازانرێ بۆچی هێشتا تەندەرین بۆ دەستپێکردنی جادەی سازانى هەڵەبجە ناکەن و بڕیاری کۆتایی نادەن لەسەر ئەو پڕۆژەیە کە دەمێکە فەرمانە وەزاریەکەی دەرچووە.
داواش دەکات پەرلەمانتارانى کورد، هەرچی زووترە پڕۆژەیەک ئامادە بکەن و پاڵپشتی راسپاردەو داواکارییەکانی پارێزگا تازەکەبن لەئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و داوای قەرەبووی زیانە ماڵی و رۆحیەکان بکەنەوە بۆ دانیشتوانی ناوچەکە بەگشتی.
“لەگەڵ ئەوەی حکومەتی عێراق، سوپاو فەرماندەییەکی وەک پاسەوانی سنوورى دروستکردوە لەو ناوچانە، دەبێ لەخەمی ئاوەدانکردنەوەی ناوچە کارەساتبارەکانیش بێ کاتێک رووداوێکی وەک ئاگرکەوتنەوەو تەقینەوە روودەدات و دەبێ لەبری کڵاشینکۆف و تەلی دڕکاویی بێکەڵک کەرەستەی ئاگرکوژانەوەو تیمی فریاگوزاری و تەنانەت هەلیکۆپتەری ئاگرکوژانەوەو ئۆتۆمبیل و ئەمبوڵانسی تایبەت و شاخاوی بخاتە بەردەستیان وەک هێزی فریاگوزاریی ئامادە تا ناوچەکان ئارام و سەلامەت بن و ژینگەی کوردستان بەپارێزراویی بمێنێتەوەو سەدان باخ و بێستان و ڕەزو دارودەوەن و مێرگ و سەوزایی و مۆڵەگایەل و ئاژەڵداریی بەوجۆرە زیانیان پێ نەگات”. لە بەشێکى ترى نوسینەکەى ئاسۆ عەبدولـلەتیفدا وا نوسراوە.