ژینگە دۆستان نیگەرانن
کشتوکاڵى کەرکوک؛ لەجیاتى چاندن کەچى دار زەیتونەکانیان لەناوبرد
964+
کاروان ساڵحی-کەرکوک
لەهەموو دنیادا بەشى کشتوکاڵ ئیشى پاراستنى ژینگە و کشتوکاڵ و زیادکردنى رووبەرى سەوزاییە، کەچى لە کەرکوک بەڕێوەبەرایەتى کشتوکاڵ دار زەیتونەکانى ناو حەوشەکەیان دەبڕنەوە، چالاکوانانى ژینگە نیگەرانن و دەڵێن بەدواداچوون دەکەن.
بەپێى گرتەیەکى ڤیدیۆیى کە دەست 964 کەوتووە، تێیدا دەردەکەوێت لەناو حەوشەى بەڕێوەبەرایەتى کشتوکاڵ، ژمارەیەک دارى زەیتون دەبڕدرێنەوە.
شکۆفە محەمەد عوبید چالاکوانی بواری ژینکە و سەرۆکی رێکخراوی کوردستانێکی سەوز بە 964ـی وت،” رێژەی سەوزایی لە ناو شاری کەرکوک 3.8 ئەوەش رێژەیەکى کەمە و زۆر لە خوار ستانداردى جیهانییەوەیە”.
لەبارەى گرتەڤیدیۆییەکە و بڕینەوەى دار زەیتونەکانى ناو بەڕێوەبەرایەتى کشتوکاڵى کەرکوک، شکۆفە محەمەد وتى،”بەداخەوە ئەوی لە و گرتە ڤیدیۆیە دەبینرێت ژمارەیەک دار زیتون کەتەمەنیان بۆ 46 ساڵ دەگەڕێتەوە دەبڕدرێنەوە، هیچ بیانویەکیش نییە بۆ ئەوە چونکە دارەکان تووشى نەخۆشى نەبوون و گەڵاکانیان سەوزە”.
ئەوەی جێگای داخە دەبێت بەرێوەبەرایەتیەکى وەک کشتوکاڵ، بەشێک بێت بە سەوزکردنى ژینگە و روواندنى نەمام نەک خۆى بەشێک بێت لە لەناوبردنیان
شکۆفە محەمەد باسى لەوەشکرد، داری زەیتون دارێکی پیرۆزە و لەسەرجەم ئاینەکان و لە قورئانی پیرۆز و تەورات و ئینجیل باسی سودەکانی زەیتون کراوە، بۆیە لەژێر هیچ پاساوێک رێگە بە بڕینەوەیان نادرێت.
لاى خۆیەوە، عیسام عوبەیدی بەرێوەبری کشتوکاڵی کەرکوک بە 964ـى وت،” ئەوەی بڕدراوەتەوە تەنها یەک دار زەیتون بووە، وشکی کردوە بەریشی نەبووە بۆیە بڕیارماندا بیبڕینەوە کە تەنیا بۆخەڵوز بە کار دێت، شوێنەکەی سەبی چیمەنتۆمان کردوە و تانکی ئاو لە شوێنەکەی دادەنێن”.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح