"زیانەکان تۆماردەکەین و قەرەبوو دەکرێنەوە"

بەهۆی تەرزە و بارانی بەخوڕ 30 ماڵ لە رانیە زەرەرمەندبوون

964+

فەرمان مەلاحەسەن – رانیە

بەهۆی تەرزە و بارانە بەهێزەکەی دوێنێ لە رانیە ئاو چووەتەناو چەند ماڵێکەوە و قایمقامیش دەڵێ، قەرەبوویان دەکەنەوە.

ئەمڕۆ بەیانی زوو قایمقام و شارەوانی رانیە بەهاوکاری چەند کۆمپانیایەک کەوتنەخۆ و زۆربەی ئەو ماڵانەیان بەسەرکردەوە کە زیانیان بەرکەوتبوو.

رەسول عومەر خاوەنی یەکێک لەو ماڵانەی ئاوچووەتەناوی قسەی بۆ مایکی 964 کردووە و دەڵێت، “دوکانەکەمان تەڕ بوو، دەرگای حەوشەش، بەردمان پێوەنا ئەگەرنا ئاو دەهاتێ ژووری بۆ ناو نوێنەکان، بەڵام ئەوانە هیچ نین، جادەکەمان بۆ چاک بکەن، قەرەبوومان ناوێ بەهیچ شێوەیەک”.

مەبەستی مام رەسول جادەی بەردەم ماڵەکەی بوو، ئەو دەڵێت، واچاک نەکراوە کە لەکاتی بارانبارین ئاوەکە بەباشی بڕوات و ئاوەڕۆ و زێرابیان مەزبوت نییە، چەند جارێک پارە وەرگیراوە چاکی بکەن، بەڵام هەروەک خۆی جێهێڵراوە.

حسێن مەحمود قایمقامی رانیە بە 964ـی وت، نزیکەی 30 ماڵ زیانیان بەرکەوتووە، زیانەکانیان تۆمار دەکەن و دواتر بە فۆڕمێک دەیدەن بە لایەنی پەیوەندیدار بۆ ئەوەی قەرەبوو بکرێنەوە.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری

بەهۆی رەشەباوە منارەکانی مزگەوتێکی رانیە کەوتن

بەهۆی رەشەباوە منارەکانی مزگەوتێکی رانیە کەوتن