زیاتر لە 100 فڕۆکەی شەڕكهر و 15 ههزار سهرباز بهشدارن
“پڕۆژەی ئازادی” بۆ کردنەوەی تەنگەی هورمز دەستیپێکرد؛ “كهناراوەكانی عومان بەکاربهێنن”
فەرهاد حەسەن
دەستەی ئۆپەراسیۆنی بازرگانیی دەریایی بریتانیا رایگەیاند، ئەمریکا ناوچەیەکی ئەمنیی بەهێزکراوی بۆ پاراستن و پشتیوانیکردنی جوڵەی کەشتییەکان لە تەنگەی هورمز دروستکردووە، داواش لە کەشتییەکان دەکات رێڕەوی ئاوی عومان بەکاربهێنن، ئهوهش دوای ئهوهی شهوی رابردو ترهمپ “پڕۆژەی ئازادی” بۆ دەربازکردنی کەشتییەکان کە لە تەنگەی هورمز گیریان خواردوە راگهیاند.
دەستەی ئۆپەراسیۆنی بازرگانیی دەریایی بریتانیا له راگهیهندراوێكدا بڵاویكردهوه، ئەمریکا ناوچەیەکی ئەمنیی بەهێزکراوی بۆ پاراستن و پشتیوانیکردنی جوڵەی کەشتییەکان لە گەروی هورمز دروستکردووە.
ئاماژهی بهوهكردوه، پێویستە ئەو کەشتییانەی كه بە هورمزدا تێدهپهڕن، رەچاوی گرتنەبەری رێڕەوێک بکەن بەناو كهناراوییهكانی عوماندا و ههماههنگی لهگهڵ دهسهڵاتدارانی ئهو وڵاته بكهن.
شەوی رابردو دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا رایگەیاند، لە بەیانی رۆژی دووشەممە پڕۆژەیەک بە ناوی “پڕۆژەی ئازادی” دەستپێدەکات، کە ئامانجی پڕۆژەکە رێنماییکردن و دەرهێنانی سەلامەتی ئەو کەشتییانەیە کە لە ئاوەکانی تەنگەی هورمزدا گیریان خواردووە.
هەروەها نوسیویەتی، “وڵاتان لە هەمو جیهانەوە، کە بەشدارنین لەو ناکۆکییەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا پرسیاریان لە ئەمریکا کردووە کە ئایا دەتوانین یارمەتیدەر بین بۆ ئازادکردنی کەشتییەکانیان، کە لە تەنگەی هورمزدا کە قفڵ کراون، لەکاتێکدا ئەوان تەنیا تەماشاکەرێکی بێلایەن و بێتاوانن، بۆ چاکەی ئێران و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەمریکا، ئێمە بەو وڵاتانەمان وتووە کە ئێمە کەشتییەکانیان بە سەلامەتی رێنمایی دەکەین بۆ دەرچوون لەو ڕێڕەو ئاوییە، بۆ ئەوەی بتوانن بە ئازادی دەست بە کارەکانیان بکەن”.
لایخۆشییەوە، فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (CENTCOM) لە بەیاننامەیەکدا لەسەر پلاتفۆرمی “X”ی خۆی رایگەیاند، لە ئەمڕۆوە هێزەکانی دەستدەکەن بە پاڵپشتیکردنی ئۆپەراسیۆنی “پڕۆژەی ئازادی” كه كهشتی جهنگی و زیاتر لە 100 فڕۆکەی شەڕكهر و 15 ههزار سهرباز تیایدا بهشدارن.
براد کوپەر، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا، باسی لهوهكردوه، “پشتیوانی سێنتکۆم بۆ ئەو ئەرکە بەرگرییە بۆ ئاسایشی ناوچەکە و ئابوری جیهانی زۆر گرنگە، لە هەمان کاتدا پاراستنی گەمارۆی دەریایی” بەندەرەکانی ئێران.
بەپێی ئاماری کۆمپانیای بەدواداچونی دەریایی AXS Marine، تاوەکو رۆژی 29.4.2026 زیاتر لە 900 کەشتی بازرگانی لە کەنداودا هەبوون، ئەو ژمارەیە لە سەرەتای شەڕەکەدا هەزار و 100 کەسی تێپەڕاندبوو.