رەشەباكەش هێندەی تر ئاگرەكەی خۆش كردووە

ئاگرێك لە ئیسپانیا بە هەزاران كەس ناچار دەكات ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێبهێڵن

964+

محەمەد فاتیح

بەهۆی ئاگركەوتنەوەیەك لە دارستانێكی ئیسپانیا، زیاتر لە دوو هەزار كەس ماڵ و حاڵی خۆیان جێهێشتووە و هێزێكی زۆر و چەندین فڕۆكە هەوڵی كوژاندنەوەی ئاگرەكە دەدەن.

ئاگرەكە دوێنێ‌ دووشەممە، لە دارستانەكانی نزیك هاوینەهەواری تاریفای كەنار دەریا، لە باشوری ئیسپانیا هەڵگیرساوە و بەهۆیەوە دەسەڵاتداران، زیاتر لە دوو هەزار هاوڵاتيیان گواستووەتەوە و لە ماڵ و حاڵی خۆیانیان دوورخستووەتەوە.

14 فڕۆكە و هێزێكی 100 كەسی هەوڵی كوژاندنەوەی دەدەن

بەپێی زانیارییە فەرمییەكان، زیاتر لە 100 ئەندامی هێزەكانی بەهاناوەچون بە پاڵپشتی 14 فڕۆكە و كۆپتەری ئاگركوژێنەوە بەشداریان لە بەرگرتن لە ئاگرەكە كردووە.

بەپێی قسەی دەسەڵاتدارانی ئیسپانیا، رەشەبایەكی بەهێز كە خێراییەكەی دەگاتە 50 كیلۆمەتر لە كاتژمێرێكدا، بووەتە لەمپەڕ لەبەردەم هەوڵەكانی كوژاندنەوەی ئاگرەكە.