لە کۆیە

کچە تاقانەیەک بە رووداوی هاتوچۆ گیانی لەدەستدا

دەریا ئەحمەد – کۆیە

ئێوارەی ئەمڕۆ رووداوێکی هاتوچۆ لە کۆیە، کۆتایی بە ژیانی کچە منداڵێکی چوار ساڵە هێنا، منداڵەکە لەبەردەم ماڵەکەیان لە گەڕەکی راپەڕین لەلایەن ئۆتۆمبێلێکەوە لێدراوە و گیانی لەدەستداوە.

ئەو منداڵە کچە، تاقانەی ماڵ بووە.

ئەمشەو 3.10.2026، هاوکار عەلی، وتەبێژی تەندروستی کۆیە بە 964ی راگەیاند، دوای رووداوەکە کچە منداڵەکە بۆ نەخۆشخانە گواستراوەتەوە تا چارەسەری پزیشکی بۆ بکرێ.

دیاکۆ هەڵۆ، بەرپرسی فریاکەوتنی نەخۆشخانەی شەهید دکتۆر خالید لەبارەی چارەسەری بۆ کچە منداڵەکە بە 964ی وت، لە کاتی گەیشتنی منداڵەکە بۆ نەخۆشخانە، هیچ برینێکی دەرەکی لەسەر جەستەکەی نەبووە.

بەپێی وتەی ئەو بەپرسە، تەنیا نیشانەیەکی کەم  لە “وەرەمکردنی جەستەکەی دیار بووە”، بەڵام پزیشکان نەتوانیویانە ژیانی بگەڕێننەوە.

رووداوەکە جارێکی دیکە گرنگیی ئاگاداری و وریایی لە دەوروبەری منداڵان و شوێنەکانی نیشتەجێبوون پیشان دەدات، بەتایبەت بۆ ئەو شۆفێرانەی لە ناوچەی نیشتەجێ بوونی چڕ سایەقی دەکەن.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا