ئاگرەكە سەری هەڵدایەوە

“دڵم بۆ ئەو سروشتە جوانەی قەرەداغ قرچەی دێت”

964+

دیلان محەمەدجەزا – قەرەداغ

ئاگرەكەی سنووری قەزای قەرەداغ جارێكی دیكە سەری هەڵدایەوە، دوای ئەوەی ئەمڕۆ پێش نیوەڕۆ كۆنتڕۆڵ كرا، قایمقامیش رایگەیاند لە هۆكاری هەڵگیرسانی ئاگرەكە دەكۆڵنەوە.

پەیامنێری 964 دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ خۆی گەیاندە ناوچەی قەرەداغ، كە ئاگر لە دوێنێوە داروبەردی ناوچەكەی سووتاندووە، هەرچەندەش ئەمڕۆ پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی رایگەیاند، ئاگرەكە كۆنتڕۆڵ كرا، بەڵام نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووبارە سەریهەڵدایەوە، ئەمەش بەهۆی بوونی رەشەبا و وشكیی ناوچەكە بەهۆی بێ بارانییەوە.

شیرین مەحمود قایمقامی قەرەداغ بە 964ی راگەیاند، مەزندە دەكرێت 250 دۆنم زەوی و دارستان و دەوەن سووتابێت.

وتیشی، دڵم بۆ سووتانی ئەو سرووشتە جوانە قرچەی دێت”.

لە بارەی هۆكاری كەوتنەوەی ئاگرەكە، قایمقام دەڵێت، لە ناوچەی سەدی ئەستێل، كە گەشتیارییە، گەشتیاری زۆری بۆ دەچێت و ئاگر كراوەتەوە، بەمەش پوش و پەلاش و دار سووتاون و جێیان هێشتووە، یان پێدەچێت ئاگرەكە لە كۆنتڕۆڵی ئەوان دەرچووبێت، بۆیە پۆلیس پەڕاوی لێكۆڵینەوەی كردووەتەوە.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا

زوو زوو ئاگرەکەی قەرەداغ سەرهەڵدەداتەوە

زوو زوو ئاگرەکەی قەرەداغ سەرهەڵدەداتەوە