درێژاییەکەی دەگاتە 150 مەتر

لافاوی کەلار با ئاوەڕۆیەکی سندوقی دوور دەخرێتەوە

ئەحمەد مستەفا

لە کەلار، لەگەڵ نزیکبوونەوەی وەرزی باران، هەنگاوێکی نوێ بۆ کەمکردنەوەی مەترسییەکانی لافاو دەستی پێکرد. شارەوانیی کەلار ئەمڕۆ شەممە 3.10.2026، دەستی بە دروستکردنی ئاوەڕۆیەکی سندوقی کردووە کە درێژاییەکەی دەگاتە 150 مەتر.

بەپێی راگەیەندراوی شارەوانی، ئەم پڕۆژەیە لە چوارچێوەی پلانی شارەوانی بۆ پاراستنی شاری کەلار لە کاریگەرییەکانی بارانبارین و لافاو جێبەجێ دەکرێت.

ئاوەڕۆکە بە تایبەتی بۆ پاراستنی دوو گەڕەکی کەلاری نوێ و نێرگز لە مەترسییەکانی لافاو دروست دەکرێت، بەتایبەتی لەو کاتانەی بارانەکان بە شێوەیەکی زۆر دەبارن.

شارەوانی کەلار ئامانجی ئەوەیە بە تەواوبوونی ئەم پڕۆژەیە، ئاوی باران بە شێوەیەکی رێکخراوتر ئاراستە بکرێت و مەترسییەکانی لافاو لەسەر دانیشتووان و خانووەکانی ئەو دوو گەڕەکە کەم بکرێتەوە.