"بمکوژن، بمکوژن"
نهێنى نوێ لە رووداوى فڕۆکەکەى فڵاى دوبەى ئاشکرا بوو
وریا فەتاح
ئەو شەڕ و ئاژاوەیەی لەناو فڕۆکەکەی فلای دوبەی دروست بوو بە چەقۆ نەبووە، بەڵکو یاریدەدەرى فڕۆکەوانەکە بە “تەوری فریاگوزاریی” ناو کابینەکە هێرشی کردووەتە سەر کاپتنەکە، ئەمەش بەپێی نوێترین لێدوانی داواکاری گشتیی ئیمارات.
رۆژى 3.9.2026، فڕۆکەکە کە زیاتر لە 170 سەرنشینی تێدابوو و لە دوبەیەوە بەرەو تەلئەبیب دەچوو، لەناکاو کۆدى فریاکەوتنى بۆ فڕۆکەخانە نارد کە ئەوەش ئاماژەبوو بۆ هەوڵێکى رفاندنى فڕۆکەکە.
کاپتنی فڕۆکەکە (سمیت ماچهار)ـى هیندى کە لەو کاتەدا بە سەختی بریندار ببوو و لەسەر زەوییەکە کەوتبوو، ساتە سەختەکە دەگێڕێتەوە و دەڵێت: “هەستم کرد فڕۆکەکە خەریکە دەکەوێت، بە خۆمم وت دەبێت کۆتا هەوڵم بدەم ئەوەی دەرگای کابینەکە لە ناوەوە بکەمەوە”. بەمەش سەرنشینەکان توانیان بچنە ژوورەوە و هێرشبەرەکە بگرن. دواتر دوو فڕۆکەوانی یەدەگ (کە وەک گەشتیار لەناو فڕۆکەکەدا بوون) فڕۆکەکەیان بە سەلامەتی لە شاری تەبوک لە سعودیە نیشاندەوە.
تەورەکە لە کوێوە هات؟
پرسیاری سەرەکی ئەوە بوو هێرشبەرەکە چۆن چەکی بردووەتە ناو کابینەی فڕۆکەوانەوە؟ دەرکەوت ئەو چەکەی بەکاریهێناوە، هەمان ئەو تەورەیە کە بەپێی یاسا لەناو کابینەی هەموو فڕۆکەیەکدا دادەنرێت بۆ کاتی فریاگوزاری و شکاندنی شووشە.
هێرشبەرەکە کێیە؟
بەپێی وتەی بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، هێرشبەرەکە کەسێکی عومانییە و مێشکی بە “بیری توندڕەویی ئیسلامی” شۆردراوەتەوە. نەتانیاهۆ دەڵێت: “دوای ئەوەی هێرشبەرەکە گیراوە، هاواری کردووە (بمکوژن، بمکوژن!)، دیارە مەبەستی بووە کردەوەیەکی خۆکوژی بکات و فڕۆکەکە بخاتە خوارەوە”.
میدیاکانی ئەمریکاش ناوی هێرشبەرەکەیان بە (هەمام حەمامی) هێناوە و دەڵێن، پێشتر لەکاتی مەشقکردن لە هێڵی ئاسمانیی عومان دوورخراوەتەوە، هەر بەهۆی ئەوەی گومانی بوونی بیروباوەڕی توندڕەویی لێ کراوە. لای خۆشیەوە، داواکاری گشتیی ئیمارات رووداوەکەی بە هەوڵدان بۆ ئەنجامدانی “کردەوەیەکی تیرۆریستی” ناوبردووە.
کۆدەکە چى بوو؟
کاتێک رووداوەکە روویداوە، فڕۆکەکە سەرەتا کۆدی (7700)ی لێداوە کە مانای حاڵەتی لەناکاوە، دواتر گۆڕیوویەتی بۆ (7500) کە کۆدی تایبەتە بە رفاندنی فڕۆکە.
سەرنشینێکی فڕۆکەکە بەناوی (ئالمۆگ ئیتالی) ساتی کەوتنەخوارەوەکە دەگێڕێتەوە و دەڵێت: لەپڕ فڕۆکەکە وەک یاریی (شەمەندەفەری مەرگ) بە خێراییەکی زۆر کەوتە خوارەوە، بۆ ماوەی 20 بۆ 30 چرکە هەر بەرەو خوار دەچووین، دواتر کەمێک هاوسەنگ بوو، ئینجا دووبارە دەستی کردەوە بە کەوتنەخوارەوە.”
لە ئێستادا کاپتنە هیندییەکەی فڕۆکەکە لە نەخۆشخانەیەکی ئەبوزەبییە، باڵیۆزخانەی هیندستان دەڵێت دۆخی تەندروستیی زۆر باشە و لە قۆناغی چاکبوونەوەدایە، یاریدەدەرەکەشى لە ژوورى لێکۆڵینەوە، بۆ ئەوەى بزانن بە فەرمانى کێ ویستویەتى ئەو کارە بکات.