بانکی ناوەندیی عێراق:

“دەنگۆی چاپکردنی دراوی نوێی بێ سفر راست نین”

وریا فەتاح

هەرچەندە چەند رۆژێکە باسوخواس ئەوەیە کە سێ سفرى سەر دینارى عێراقى لادەبرێن و هەنگاوەکان دەستیان پێکردووە، بەڵام بانکى ناوەندى ئەو دەنگۆیانە رەت دەکاتەوە و دەڵێت: ئەوەى لەوبارەیەوە دەوترێت راست نین.

ئەمڕۆ چوارشەممە (26ی ئابی 2026) بانکی ناوەندی لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند: “بەدواداچوونمان بۆ ئەو هەواڵ و لێدوانانە کرد کە لە هەندێک دەزگای راگەیاندن بڵاوکراونەتەوە، گوایە بانکی ناوەندی بڕێک پارەی نوێی بێ سفری چاپ کردووە بۆ ئەوەی بیخاتە بازاڕەوە. لێرەوە جەخت دەکەینەوە کە ئەم هەواڵانە هیچ بنەمایەکی فەرمییان نییە و بە توندی چاپکردنی دراوی لەو شێوەیە رەتدەکەینەوە.”

باس لەوەشکراوە، هەر پڕۆژەیەکی داهاتوو بۆ دووبارە رێکخستنەوەی جۆرەکانی دراو یان لابردنی سفرەکان، ئەگەر بڕیارێکی فەرمیشی لەسەر بدرێت، پێویستی بە چەندین قۆناغی یاسایی، رێکخراوەیی و هونەری هەیە، روونیشى کردووەتەوە کە ئەگەر پڕۆژەیەکی وا پەسەند بکرێت، لە رێگەی کەناڵە فەرمییەکانی بانکەکە و دەزگاکانی راگەیاندنەوە رادەگەیەنرێت.

بانکى ناوەندى دڵنیایى داوە کە هەر گۆڕانکارییەک بکرێت، کاتێکی گونجاوی قۆناغی گواستنەوەی بۆ دیاری دەکرێت تاوەکو هاووڵاتییان، بانکەکان و دامەزراوەکان بتوانن بە شێوەیەکی ئارام و ڕێکخراو دراوەکانیان بگۆڕنەوە، بۆ ئەوەی ماف و پابەندبوونە داراییەکانی هەموو لایەک پارێزراو بێت.

بانکی ناوەندیی عێراق داوا لە هاووڵاتییان و دەزگاکانی راگەیاندن دەکات، بۆ وەرگرتنی هەر زانیارییەک سەبارەت بە سیاسەتی نەختینەیی، تەنیا پشت بە کەناڵ و راگەیەندراوە فەرمییەکانی بانکەکە ببەستن و بڕوا بە هەواڵ و ژمارەی نادروست نەکەن، چونکە بڵاوبوونەوەی دەنگۆی لەو شێوەیە دەبێتە هۆی شڵەژان و زیانگەیاندن بە بەرژەوەندییە داراییەکانی هاووڵاتییان.