قسەی تەندروستی زاخۆیە

“تەحەمول بکەن ئامێری شکاندنی بەردی گورچیلە نزیکە لەکارکردن”

شڤان عەبدوڵا – زاخۆ

نزیک بە دوو ساڵ و شەش مانگە، هەموو نەخوشخانە حکومییەکان لە پارێزگای دهۆک و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، ئامێری شکاندنی بەردی گورچیلەیان کارا نییە.

لەرۆژی 14.4.2025 تەندروستی زاخۆ موژدەی دابینکردنی ئامێری شکاندنی بەردی گورچیلە بە هاوڵاتیانی زاخۆ دا و رایگەیاند، چیتر پێویستیان بەشوێنی ئەهلی و دەرەوەی شاری زاخۆ نابێت، بۆ چارەسەری بەردی گورچیلە.

وا نزیکەی چوار مانگ بەسەر هێنانی ئامێرەکە تێدەپەڕێ و نەخۆشانی گورچیلە، هیچ سودێکیان لێ وەرنەگرتووە، بەپێی بەدواداچوونی 964 کە لە سەرچاوەی جیاجیا کردوویەتی، نە ناوی کۆمپانیای هێنانی ئامێرەکە دیاریکراوە و نە نرخەکەی.

ئەمڕۆ چوارشەممە 6.8.2025، دکتۆر سیروان ئەحمەد، بەرێوەبەری تەندروستی گشتی زاخۆ بە 964 وت، ئامێرەکە بەو کواڵتی و تایبەتمەندییانە نەبوو کەداوامان کردبوو، بۆیە تا ئێستا نەکەوتووە کار و هیچ سودێک لێ نەبینراوە.

دکتۆر سیروان وتی، لەگەڵ ئەو کۆمپانیەی ئامێرەکەیان بۆمان هێناوە لە پەیوەندیداین و ئەو کێشەیە چارەسەر دەکەین، با هاوڵاتییان کەمێکی تریش تەحەمولیان هەبێت، بەم نزیکانە لە نەخۆشخانە حکومییەکان چارەسەریان بۆ دەکرێ.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا