سەرمایەی کارگە مۆڵەتپێدراوەکان زیاتر لە 1 ملیار دۆلارە
وەزارەتی بازرگانی: زۆرترین هەلی کار و سەرمایەی بەگەڕخراو بۆ پارێزگای سلێمانی بووە
964+
پێشەوا محەمەد – سلێمانی
لە دوانزە هەزار و 400 هەلی کار زۆرینەیان لە سلێمانی بوون، هاوکات زۆرینەی سەرمایەی بەگەڕخراویش هەر بۆ ئەو پارێزگایە بوون. ئەمە وتەی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمە.
لە کارنامەی کابینەی نۆی حکومەتی هەرێمدا ئاراستەی ستراتیژی گەشەپێدانی هەرێمی کوردستان رووی لە کەرتی کشتوکاڵ، گەشتیاری، بازرگانی و پیشەسازی کردووە.
فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەزاری نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێم رایگەیاندووە، لەم كابینەیەدا ژمارەی مۆڵەتەكان و رەسیدەكانیش زیادی كردووە و هۆكارەكانیشی بۆ ئەو ئاسانكارییانە دەگەڕێتەوە، كە لە وەزارەتی بازرگانی و لەم كابینەیەدا كراون.
تۆڕی 964 بە پشتبەستن بە زانیارییەکانی وەزارەتی بازرگانیی هەرێم دەزانێت، ساڵی رابردوو 5 هەزار و 204 مۆڵەتی هاوردەکردن دراوە و 164 مۆڵەتی ناردنیش دراوە.
نەوزاد کامیل دەڵێت: لە ماوەی چوار ساڵدا، مۆڵەتی کارکردن بە ژمارەیەکی زۆری کارگەی بازرگانی و پیشەسازی دراوە، کە سەرمایەکەیان زیاتر لە ملیارێک دۆلار بووە.
لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 4 هەزار کارگە مۆڵەتیان پێ دراوە و نزیکەی 600 کارگەیان لەکار کەوتوون.
لەسەر ئاستی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان، لە ماوەی چوار ساڵی کابینەی نۆیەمدا، زۆرترین هەلی کار لە بواری بازرگانی و پیشەسازی ڕەخسێندراوە، كە زۆرینەی لە پارێزگای سلێمانی بووە، ئەمە لە کاتێکدایە زۆرترین سەرمایەی بەگەرخڕاویش لە کەرتی بازرگانی و پیشەسازی، هەر لەو پارێزگایەدا بووە، ئەمەش وتەی نەوزاد شێخ کامیلە.