خانووەکانیان بۆ تاپۆ ناکرێت
ژنانى کەڵەکن هەر بە ماکسییەوە لە گەڕەکەکەیان دژى کۆمپانیایەک گردبوونەوە
دیلان محەمەدجەزا – سلێمانی
بە ماکسی و جلی کوردییەوە، ژنانی گەڕەکی کەڵەکن لە سلێمانی لە ماڵەکانیان هاتنە دەرەوە و دەستیان کرد بە گردبوونەوە، ئەوان ناڕەزایەتییەکی توندیان دژی دروستکردنی پڕۆژەیەکی نیشتەجێبوون هەیە کە ژیانی لێ تاڵ کردوون و گەڕەکەکەی لێ شاردوونەتەوە.
کێشەی سەرەکیی دانیشتووانی ئەم گەڕەکە ئەوەیە کە خانووەکانیان بێتاپۆیە. وەک خۆیان باسی دەکەن، پێشتر بڕیار بووە خانووەکانیان بۆ تاپۆ بکرێت، بەڵام لەپڕ کۆمپانیایەک لەبەردەم گەڕەکەکەیاندا دەستیکردووە بە دروستکردنی باڵەخانە و پڕۆژەیەکی نیشتەجێبوون.
وەک ئەوەى دایە حاجییەکى گەڕەکەکە بە 964ـى وت، “سەرەتا بڕیار بوو کۆمپانیاکە خانووەکانمان لێ بکڕێت، بەڵام نە خانووەکانی لێ کڕیوین و نە پارەشی پێداوین. ئێستا بەهۆی ئەم پڕۆژەیەوە گەڕەکەکەمان دیار نەماوە و مامەڵەی کڕین و فرۆشتنی خانووەکانیشمان بەتەواوی وەستاوە.”
ژنان دەڵێن ئەو ئەسکەلە بەرزانەی بۆ پڕۆژەکە دانراون، مەترسییان لەسەر ماڵەکانیان دروستکردووە، هاوکات تەقەتەق و ژاوەژاوی بەردەوامی ئیشکردن لە پڕۆژەکەدا، هێمنی و ئارامیی لێ بڕیون.
ئێستا داواکاریی دانیشتووانی کەڵەکن تەنیا دوو بژاردەیە، یان دەبێت کۆمپانیاکە بەو نرخەی پێش دروستکردنی پڕۆژەکە هەبووە خانووەکانیان لێ بکڕێت، یانیش رێگەیان پێبدرێت خانووەکانیان بۆ تاپۆ بکرێت.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح