بەرگەی باو باران ناگرن

گەڕەکە کەلەپوورییەکانی هەولێر مەترسی رووخانیان لەسەرە

میدیازان – مەریەم ئەحمەد – هەولێر

لەگەڵ هاتنی وەرزی زستان دانیشتووانی گەڕەکی تەعجیل و عارەبان لە هەولێر ترس دایاندەگرێت، دەزانن خانووەکانیان هێندە کۆنە بەرگەی بای تووند و بارانی زستان ناگرێت.

زۆربەی خانووەکانی گەڕەکی تەعجیل و عارەبان کەلەپوورین و مێژووی دروستکردنیان بۆ زیاتر لە ١٠٠ ساڵ لەمەوپێش دەگەڕێتەوە، بەشێکی زۆری خانووەکانیش مەترسی رووخانیان لەسەرە و لە ساڵی ٢٠١٢ەوە بە مەبەستی نۆژەنکردنەوە لەلایەن حکومەت، چۆڵکراون.

مێژووی دروستکردنیان بۆ زیاتر لە ١٠٠ ساڵ لەمەوپێش دەگەڕێتەوە

بەڵام لەدوای زیاتر لە ١٠ ساڵ هێشتا خانووەکان نۆژەن نەکراونەتەوە، خەریکە ئەم دوو گەڕەکە بەتەواوی لەنێو دەچن و دەبن بە زبڵخانە و رۆژ بە رۆژ ژمارەی خانووەکان کەمدەکات.

تەنیا لە گەڕەکی تەعجیل نزیكەی ٧٠٠ ماڵ هەن و ئێستا ١٥٠ ماڵیان مەترسی رووخانیان لەسەرە.

هەدیە سەعید، زیاتر لە نیوەی تەمەنی لە گەڕەکی تەعجیل بەسەربردووە، دەڵێت ٦٠ ساڵە لەو گەڕەکە دەژیت. هەدیە سەعید چەندین جار ساتی رووخانی خانووەکانی لە وەرزی زستان بینیوە، ئەو چیرۆکی گیانلەدەستدانی ژن و پیاوێک دەگێڕێتەوە و دەڵێت تازە هاوسەرگیریان کردبوو و ماڵەکەیان بەسەردا رووخا و هەر ئەوکات ژنەکە گیانی لەدەستدا و پیاوەكەش هەفتەیەك دوای گیانی لەدەستدا.

گەڕەکی تەعجیل نزیكەی ٧٠٠ ماڵ هەن و ئێستا ١٥٠ ماڵیان مەترسی رووخانیان لەسەرە

ئەو گەڕەکانە کەوتوونەتە دەوروبەری قەڵای هەولێر، زۆربەی خانووەکانیان بە مەبەستی هێشتنەوەی وەکوو ناوچەیەکی شوێنەواری، چۆڵکراون و دانیشتووانەکەی قەرەبوو کراونەتەوە.