لە سنووری کفری
منداڵێک خنکا و خێزانەکەشی تووشی رووداوی هاتوچۆ بوون
میلاد جەلال – گەرمیان
ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە 15.7.2025، لەگوندی عەلی خەڵەف سەر بە قەزای کفری لە ئیدارەی گەرمیان، منداڵێکی سێ ساڵان لە پرۆژەی ئاوی گوندەکە خنکاوە، لەکاتی ھێنانی تەرمەکەی بۆ فریاکەوتنی کفری لەرێگاش تووشی رووداوی ھاتوچۆ دەبن.
حسێن شاکر بەڕێوەبەری کارگیڕی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی کفری بە 964ـی وت، ئەو منداڵەی خنکاوە تەمەنی سێ ساڵان بووە، لە پرۆژەیەکی ئاو خنکاوە لە گوندی عەلی خەڵەف.
“خێزانەکەی کاتێک تەرمی منداڵەکەیان ھێناوە بۆ نەخۆشخانەی فریاکەوتنی کفری، لەرێگا تووشی رووداوی ھاتوچۆ بوون و بەھۆیەوە سێ کەسیان بریندارن”،حسێن شاکر وای وت.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوانەی بریندارن دوو پیاو و ژنێکن، دۆخی تەندروستیان باشە، بەنەتەوە عەرەبن، لەسەر داوای خۆیان تەرمی منداڵەکە و بریندارەکانیش براون بۆ نەخۆشخانەی جەلەولا.
پێداچوونەوە: توانا نەقی