بەهۆى گازى میسانەوە
وەزارەتى بەرگرى تورکیا: 12 سەربازمان لە ئەشکەوتێکى ئامێدى گیانیان لەدەستدا
وریا فەتاح
وەزارەتی بەرگریی تورکیا رایگەیاند، ژمارەی ئەو سەربازانەی دوێنێ لە ئەشکەوتێکدا لە سنووری ئامێدی بەهۆی گازی میسانەوە گیانیان لەدەستدا، بۆ 12 سەرباز بەرزبووەتەوە.
وەزارەتەکە، ئەمڕۆ دووشەممە گیانلەدەستدانی هەشت سەربازی دیکەی بەهۆی گازی میسانەوە لە ناوچە سنوورییەکانی ئامێدی راگەیاند و بەوەش ژمارەی ئەو سەربازانەی لە 24 کاتژمێری رابردوودا گیانیان لەدەستداوە گەیشتە 12 سەرباز.
بەگوێرەی راگەیەندراوێکی وەزارەتی بەرگریی تورکیا کە دوێنێ یەکشەممە بڵاوى کردەوەـ هێزەکانیان لە کاتی گەڕان و پشکنین بەدوای تەرمی ئەفسەرێک بەناوی “نوری مەلیح بوزکورت” کە لە 28ـى ئایاری 2022 کوژراوە و تەرمەکەی نەدۆزرابووەوە، لە ئەشکەوتێکدا لە ناوچەی ئۆپەراسیۆنی “چنگی قوفڵ” تووشی گازبوون و لە سەرەتادا چوار سەرباز گیانیان لەدەستدا.
دواتر وەزارەتەکە رایگەیاند، ژمارەی سەربازە گیانلەدەستداوەکان بۆ هەشت و پاشان بۆ 12 بەرزبووەتەوە.
هاوکات، یاشار گولەر، وەزیری بەرگریی تورکیا لەگەڵ فەرماندە باڵاکانی سوپا بۆ بەدواداچوون و بەشداریکردن لە مەراسیمی بەخاکسپاردنی سەربازەکان، بەرەو ناوچەکە بەڕێکەوتووە.