964 ساغکردنەوەی بۆ کرد

راوچییە تۆمەتبارەکە راینەکردووە، ئەمڕۆ برایە دادگا

میلاد جەلال – گەرمیان

لێرە و لەوێ، دوای دەستگیرکردنی کەسێک بە تۆمەتی راوکردنی 10 بێچووە ئاسکەکەی نزیک قۆرەتوو، وا بڵاوکرایەوە تۆمەتبارەکە هەڵاتووە، بەڵام 964 زانیاری ئەوەی دەستکەوت، تۆمەتبارەکە ئەمڕۆ براوەتە بەردەم دادگا و هەڵنەهاتووە.

بەرەبەیانی رۆژی ھەینی 22.5.2026، لە پێدەشتەکانی گەرمیان، 10 بێچوە ئاسک لەلایەن پۆلیسی دارستانی گەرمیان لەدەستی چەند راوچییەک ئازادکران، دوێنێ شەممە یەکێک لەو کەسانە دەستگیرکرا و دوو کەسی دیکەش کە ویستبوویان راوبکەن دەستگیرکران.

ئەمڕۆ یەکشەممە 24.5.2026، ھاوڕێ جەلیل، بەڕێوەبەری بەشی خانەقینی پۆلیسی دارستانی گەرمیان بە 964ى وت، دەنگۆی راکردنی یەکێک لەو راوچییانە راست نییە، ئەمڕۆ ئەو کەسەی بێچوە ئاسکەکانی راوکردبوو لەگەڵ دوو کەسەکەی دیکە ویستبویان راو بکەن براونەتە دادگا.

فەرمانی دەستگیرکردن بۆ سێ کەس دەرچووە کە 10 بێچووە ئاسکەکەیان راوکردبوو، دوێنێ شەممە یەک کەسیان دەستگیرکرابوو، تائێستا پۆلیس بەدوای دوو کەسەکەی دیکەوەیە دەستگیرنەکراون، ھاوڕێ جەلیل وای وت.

ئەو بەڕێوەبەری دەنگۆی هەڵاتنی تۆمەتبارەکەی رەتکردەوە و وتی، ئەمڕۆ ئەو راوچی 10 ئاسکەکە و دوو کەسەکەی دیکەش کە ویستبوویان راو بکەن و پۆلیس دەستگیری کردبوون، براونەتە بەردەم دادوەر و چاوەڕێی بڕیارین.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا