ئەمڕۆ رۆژی جیهانی منداڵانی ونبووە

دایکێکی هەڵەبجەیی 38 ساڵە چاوەڕێی گەڕانەوەی دوو منداڵە ونبووەکەیەتی

ئەمەل ناجی – هەڵەبجە

شەونم عەبدوڵا، خاوەنی دوو منداڵی ونبووە کە لەکاتی کیمیابارانی هەڵەبجەوە لەیەکتری دابڕاون و نەدۆزراونەتەوە، رەخنە لە حکومەتی هەرێم دەگرێت کە لە کەیسی منداڵە ونبووەکان، بێخەمە.

لە جیهاندا، رۆژی 25ـی ئایاری هەموو ساڵێک بە رۆژی منداڵانی ونبوو دیاریکراوە، هەڵەبجەش کە بە هۆی کیمیابارانەوە پشکی شێری لەو منداڵانە هەیە و ئەمڕۆ یادی ئەو رۆژەی کردەوە و پەردەی لەسەر پەیکەری منداڵێکیش لادا کە چارەنووسی هەموو منداڵە ونبووەکانی تێدا کۆکراوەتەوە.

شەونم بە 964 ی وت، 38 ساڵە لە چاوەڕوانی هاتنەوەی دوو منداڵەکەم و پێنج لە خووشک و بارانیەتی کە لە رۆژی کیمیابارانەوە لەیەکتری دابڕاون.

وتیشی “حکومەتی هەرێم زۆر کەمتەرخەمە لەو کەیسە و تاوەکو ئێستا نەیتوانیەو فشار لەسەر حکومەتی ءێراقی دروستبکات بۆ ئەوەی چەرەنووسی منداڵە ونبووەکان لە ئێران دیاریبکرێت”.

ساڵی پار لوقمان عەبدولقادر سەرۆکی کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیابارانی هەڵەبجەئامارێکی فەرمی ئەو منداڵانەی دەبووە 964 کە لە سارەکەیدا وونبوونە، کە ژمارەیان 119 منداڵن و  76 خێزان لە چاوەڕوانی هاتنەوەیاندان

وتبووشی لە ساڵی پار تەنیا یەک منداڵ لەو ژمارەیە گەڕاوەتەوە و 118 منداڵیش بێ چارەنووسن.

هەر بە پێی ئامارەکانی ئەو کۆمەڵەیە، بەهۆی تاوانی کیمیابارانی هەڵەبجەوە، 212 کەیسی بێسەروشوێن بوون تۆمارکراون کە لەو ژمارەیە 118ـیان کەیسی ونبوونی منداڵانە، لە رابردووشدا چەند کەیسێکی گەڕانەوەی ئەو منداڵانە هەبوون، بەڵام تەنها دوو لەو کەیسانە بە تەواوی یەکلاکرانەوە و گەڕانەوە لای خێزانەکانیان.

پێداچوونەوە؛ فەرهاد حەسەن