لە کەلار

ژنێک هەشت ملیۆن و 500 هەزار دیناری لە ماڵێک دزی؛ دەستگیر کرا

شۆڕش قادری

لە کەلار ژنێک هەشت ملیۆن و 500 هەزار دیناری لە ماڵێک دزی، فریای خەرجکردنی هەموو پارەکە نەکەوت، دەستگیر کرا.

“دوای ئەوەی شەوی رابردوو هاوڵاتییەکی دانیشتووی گەڕەکی مامۆستایانی قەزای کەلار له بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی گەرمیان سکاڵای تۆمارکرد لەسەر ئەوەی کە بڕی هەشت ملیون و 500 هەزار دینار لەماڵەکەیدا دزراوە، پۆلیس و هێزە ئەمنییەکان دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە و توانیویانە لە ماوەی دوو کاتژمێردا تۆمەتبار بدۆزنەوە و دەستگیری بکەن”، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی گەرمیان لە راگەیەنراوێکدا وادەڵێت.

تۆمەتبار ژنە و لە لێکۆڵینەوەکاندا دانی بە تاوانەکەیدا ناوە، لەناو ماڵەکەشیدا دەست بەسەر پێنج ملیۆن دینار لە پارە دزراوەکەدا گیراوە.

تۆمەتبار بەبڕیاری دادوەر و بەپێی مادەی 443 لەیاسای سزادانی عێراقی راگیراوە و لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا بەردەوامە.