داهاتی ئەم بازاڕە بۆ منداڵانی توشبوو بە شێرپەنجە دەبێت
964+
کاروان ساڵح
زیاتر لە 50 خانمی دەستڕەنگین و دوكاندار و خاوەنكاری کەرکوک, بەشدارییان کرد لە پڕۆژەیەكی بازاڕی خێرخوازیی, کە ئامانج لێی دابەشكردنی قازانجی دارایی پرۆژەكەیە بۆ پشتگیری و هاوكاریكردنی منداڵانی توشبووی شێرپەنجە لە شارەکەدا.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، دوا رۆژی بازاڕەکە بوو لەناو سەنتەری رۆشنبیری کۆمپانیای غازی باکور لە کەرکوک.
نوران حوسێن، بەرپرسی بەشی توانای ژنان لە كۆمپانیای غازی باكوری سەر بە وەزارەتی نەوتی عێراق و سەرپەشتیاری پرۆژەكە تایبەت بە تۆڕی 964ی وت، ئەم دەستپێشخەرییە پاش بڕیاری ژمارە 1325ی نەتەوە یەكگرتوەكان دێت بۆ پشتگیریکردن لە منداڵانی توشبوو بە شێرپەنجە.
باسی لەوەشکرد، بازاڕە خێرخوازیییەكە بۆ ماوەی چوار رۆژ بەردەوام بوو، ئەمڕۆ پێنجشەممە دوا رۆژی بوو، بەڵام لە مانگی 6ی ئەمساڵ دووبارە چالاکی دیکەیان دەبێت.
تابان فەلاح بەشداربووی بازاڕەکە بۆ تۆری 964ی باسکرد، “ئەم دەستپێشخەرییەی كۆمپانیای غازی باكور و رێكخراوەكانی بواری ژنان و منداڵان لەكاتێكدایە سەنتەری چارەسەری شێرپەنجەی كەركوك بەدەست كەمی دەرمان و زۆری رێژەی توشبووانی شێرپەنجەوە دەناڵێنێت”.
پێداچوونەوە: هێمن بەکر