پۆلی زیادەش دروستدەکرێ

قوتابخانە کۆنەکانی گەرمیان نۆژەندەکرێنەوە

ئەحمەد مستەفا

لە سنوری ئیدارەی گەرمیان بەشێک لە قوتابخانەکان بەھۆی کۆن بوونیانەوە پێویستیان بە نۆژەنکردنەوە ھەبوو، پەروەردەی گەرمیان لەئەمڕۆوە لیژنەیەک دروست دەکات بۆ نۆژەنکردنەوەیان.

بڕیارە هەڵمەتەکە 133 قوتابخانە بگرێتەوە.

ئەمڕۆ دووشەممە 9.11.2026، محەمەد ئەحمەد، بەڕێوەبەری پەروەردەی گەرمیان بە 964ى وت، لەھەموو سنوری ئیدارەی گەرمیان 133 قوتابخانە کاری نۆژەنکردنەوەیان بۆ دەکرێت، ھەر پێداویستییەکیان ھەبێت بۆیان جێبەجێدەکرێ.

بە قسەی ئەو بەڕێوەبەرە، بودجەی پرۆژەکە کراوەیە و لە ئەمڕۆوە لیژنەیەک دەست بە ھەڵسەنگاندن دەکەن بۆ قوتابخانەکان و بزانن چییان پێویستە، تا بۆیان جێبەجێ بکەن.

محەمەد ئەحمەد ئاماژەی بەوەکرد، ئەو قوتابخانانەشی کە خوێندکاریان زۆرە و سێ دەوامین، پۆلی زیادەیان بۆ دروست دەکرێ.