ناوچەی سەوز
سەرچاوەیەكی ئەمنی بۆ 964
هیچ هێرشێک نەكراوەتە سەر ناوچەی سەوزی بەغدا
ئەرسەلان عەبدوڵا
سەرچاوەیەكی ئەمنی لە بەغدا رایگەیاند، هیچ هێرشێك نەكراوەتەسەر ناوچەی سەوز لە بەغدا، ئەوەی باس دەكرێت موشەكێكی هەڵوەشاوە لە ژێر پردی جمهوریە دۆزراوەتەوە.
سەرچاوە ئەمنییەكە لە بەغدا بە 964ی راگەیاند، هێزە ئەمنییەكان موشەكێكی هەڵوەشاوەی كاتیۆشایان لە ژێر پردی جمهوری لە بەغدا دۆزیتەوە، دواتر تیمی پسپۆڕی پوچەڵكردنەوەی تەقەمەنییەكان هاتوون و چارەسەری تەواوی موشەكەكەیان كردووە.
ئەمڕۆ لە سۆشیال میدیا دەنگۆی زۆر هەبوو لەوەی ناوچەی سەوز بە موشەكی كاتیۆشا كراوەتە ئامانج، بەڵام سەرچاوەكەی 964 تەواوی دەنگۆیەكانی رەتكردەوە.
ناوچەی سەوز لە بەغدا، ناوچەیەکی گرنگە و لە ساڵی 2003 لە دوای رووخانی رژێمی بەعس، لە لایەن هێزەكانی ئەمریکا دروستكرا، چەندان دامودەزگای گرنگی دەوڵەت لە ناوچەی سەوزن و ناوچەیەکی ستراتیژی گرنگ و کاریگەرە لە عێراق، زۆرێک لە باڵوێزخانەکان نموونەی باڵوێزخانەی ئەمریکا و بەریتانیا لە ناوچەكەدان، هەروەها ناوەند و بارەگای رێکخراو و ئاژانسە حکومی و بیانییەکانی وڵاتانی دیكەش لەخۆدەگرێت، ئەمە جگە لەوەی پەرلەمان و حكومەتی عێراقیش هەر لە ناوچەی سەوزن.