شەوى رابردوو چى روویدا

جگە لە ئەمریکا و ئێران و ئیسڕائیل و چین … “ئیمپاپێ”ش قسەی خۆی کرد

وریا فەتاح

جەى دی ڤانس دەڵێت: “سەرۆک ترەمپ ئامادەیە بۆمبەکان فڕێ بدات”، قالیبافیش وتى،” ئەگەر ئەمریکا بیەوێت شەڕ بکات ئێمەیش زۆر شارەزاین”، چینیش دەڵێت: نا ئاشتییەکى گشتیگیر. نەتەنیاهۆش دڵى ناشکێنێت وتى،” پەلە مەکەن رێککەوتنی ئاشتی زیاترمان لەپێشە”… ئیمپاپێش لەوشتانە نازانێت، هەر دەزانێت گۆڵ بکات، ڤایکینگەکانى نەرویج و مافیاکانى مەکسیکیش، سەرکەوتن.

شەوى رابردوو و ئەم بەرەبەیانە شتى زۆر روویانداوە، کورت و پوخت پێتان دەڵێین:

📌لە مۆندیال، کەڵەشێرەکان بە سەرکردایەتى ئیمپاپێ بە سێ گۆڵى بێ وەڵام لە سویدیان بردەوە

📌ئیمپاپێ دوو گۆڵى کرد و کۆى گۆڵەکانى بۆ شەش گۆڵ بەرز کردەوە

📌 مەکسیکى خانەخوێ، ئیکوادۆرى لە مۆندیال دەرکرد و بە دوو گۆڵى بێ وەڵام لێى بردەوە.

📌 هالاندیش سەرکردایەتى ڤایکینگەکانى نەرویجى کرد و بە دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک، کۆتیڤواریان خستە دەرەوەى مۆندیال.

لەسەر ئاستى جیهانیش رێککەوتن، گەرووى هورمز و ئاشتى قسەو باسیان لێوەکرا:

📌 وەزیری دەرەوەی چین پێى وایە کە دەبێت بگەنە رێککەوتنێکى گشتگیر لە نێوان ئەمریکا و ئێران و وڵاتانى ناوچەکەش قبوڵیان بێت.

📌 لە قەتەر، سەرۆک وەزیرانى ئەو وڵاتە ویتکۆف و کوشنەر تاوتوێی دوایین پێشهاتەکانی دانوستانەکانی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکان و ئێرانى کرد.

📌 وەزارەتى دەرەوەى قەتەریش دەڵێت: ویتکۆف و کوشنەر جەختیان لە پابەندبوونی واشنتن بە رێڕەوی دانوستان لەگەڵ ئێران کردەوە.

📌هەر ئەوەش نا، سەرۆک وەزیرانى قەتەر بە ویتکۆف و کوشنەری راگەیاندووە کە وڵاتەکەى بەردەوام دەبێت لە پشتیوانیکردنی دانوستانەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران.

📌 هەرچى جەى دی ڤانسى جێگرى ترەمپە، جەخت دەکاتەوە کە دەبێت ئێران پابەندى داماڵینى چەکە ئەتۆمییەکەى بێت.

📌 هەڕەشەش دەکات و دەڵێت: سەرۆک ترەمپ ئامادەیە بۆمبەکان فڕێبداتەوە، (مەبەست لێى دووبارە بۆردومانکردنى ئێرانە).

📌ڤانس زیاتر دواو وتى،”ترەمپ داوای لێکردین یاداشتی لێکتێگەیشتن لەگەڵ ئێران بەکاربهێنین بۆ دووبارە دابینکردنەوەی نەوت بۆ ئابووری جیهان، پاشان دەبینین دۆخەکە چۆن پەرەدەستێنێت”.

📌لەبەرامبەردا قالیباف قسەیەکى ترى کردووە و دەڵێت: ئێران نەیتوانیوە یەک بەرمیل نەوت هەناردە بکات لە ماوەی گەمارۆکانی ئەمریکادا.

📌ئامارێکیشى خستەڕوو کە ئێران زیاتر لە 40 ملیۆن بەرمیل نەوتی هەناردە کردووە لە کاتی کۆتاییهێنان بە گەمارۆ دەریاییەکانەوە.

📌 ئەگەر ڤانس بڵێت سەرۆک بۆمبەکان فڕێدەدات، قالیبافیش بێ وەڵام نییە و وتى،” ئەگەر ئەمریکا بیەوێت شەڕ بکات ئێمەیش زۆر شارەزاین”.

📌لەولاشەوە نەتەنیاهۆ ئەو پیاوەى بەوە ناسراوە شەڕ راناگرێت، وتى،” رێککەوتنی ئاشتی زیاترمان لەپێشە”.

لەسەر ئاستى هەواڵى ناوخۆیى و عێراقیش ئەمانە هەبوون:

📌 رێبین سولاقا، بەرگریكاری هەڵبژاردەی عێراق وازهێنانی خۆی لەیاری نێودەوڵەتی راگەیاند.

📌 دۆرنێک لە ناوچەى سەوزى بەغدا کرایە ئامانج.

📌 زانیارییەکان دەڵێن، لەوانەیە درۆنێکى چاودێرى باڵیۆزخانەى ئەمریکا بوو بێت.

     کوردستان رۆحا مەیە

📌هونەرمەند خێرۆ عەباس سەرقاڵی ئامادەکردنی کۆنسێرتێکی گەورەیە لە لەندەن

📌 ئەو بە 964ـی وت: هیوادارم کۆنسێرتەکەم بەدڵی کوردانی هەر چوارپارچەی کوردستان بێت

📌وتیشى: ئەگەر حکومەتى هەرێم بانگێشتم بکات، لە هەرێمى کوردستان کۆنسێرت ساز دەکەم.