دهۆک پێویستی بە لیناکە

964+
هەژین فەتاح
لە نەخۆشخانە و سەنتەرەکانی تەندروستی دهۆک ئامێری لیناک نییە، کە تایبەت بە چارەسەری تیشکیی بۆ نەخۆشی شێرپەنجە، پسپۆڕەکانی بوارەکە داوای دابینکردنی دەکەن.
بەگوێرەی زانیارییەکان، ئەو ئامێرە لە پارێزگای سلێمانی و هەولێر هەیە، بەڵام هێشتا لە دهۆک نییە.
لەوبارەیەوە، دکتۆر حەسەن عەبدوڵا بەڕێوەبەری چارەسەری شێرپەنجەی منداڵان لە سەنتەری ژینی دهۆک بە تۆڕی 964ی وت، پارێزگاکەی پێویستی بە دوو ئامێری لیناکە.
ئەو دەڵێت لەگەڵ ئامێرەکان پێویستە باڵەخانە و کارمەندیان بۆ تەرخان بکرێت، چونکە ئامێرەکە تایبەتە و شارەزایی و شوێنی گونجاوی دەوێت.
لە لایەکی دیکە، دکتۆر ئەفراسیاب موسا، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی دهۆک بە تۆڕی964 راگەیاند، نووسراویان بۆ وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان کردووە و داوای ئامێرەکەیان کردووە، بە قسەی ئەو نووسراوەکە لە ئەنجومەنی وەزیرانە و چاوەڕێی پەسەندکردنە.