خۆڵبارین لە عێراق

226 کەس گەیەندرانە نەخۆشخانە

964+
ئەرسەلان عەبدوڵا

بەهۆی خۆڵبارین و تەنگەنەفەسییەوە 226 کەس لە چەند شارێکی عێراق رەوانەی نەخۆشخانە کران.

وەزارەتی تەندروستیی عێراق بڵاویکردەوە، بەپێی تۆماری فەرمانگە تەندروستییەکانی عێراقەوە، 226 هاوڵاتی لە شارە جیاجیاکانی عێراقەوە چوونەتە نەخۆشخانە و چارەسەریان وەرگرتووە.

وەزارەتەکە شەوی رابردوو وەک ئاماری یەکەم ئەو ژمارەیەی باس کردووە و پێدەچێت لەوە زیاتر بێت، وەک ئاماژەیان پێکردووە، لە کاتێکی تردا ئاماری تەواو بڵاودەکەنەوە.

وەزیری تەندروستیی عێراق ئەوەی خستەڕوو، کە هۆڵەکانی فریاکەوتن، ئەمبوڵانس، دابینکردنی ئۆکسجین، دەرمان و پێداویستییە پزیشکییەکانیان بۆ ئەو کەسانە دابین کردووە، کە بەهۆی خۆڵبارینەوە تووشی تەنگەنەفەسی بوون و گەیەندراونەتە نەخۆشخانەکان.

دوێنێ شەپۆڵێکی چڕی خۆڵبارین بەشێکی ناوچەکانی عێراقی گرتەوە، بە تایبەتی لە بەغدا زۆر چڕ بوو، بەڵام کەمتر هەرێمی کوردستانی گرتەوە و کاریگەرییەکی ئەوتۆی لەسەر کەشوهەوا و رادەی کەمبوونەوەی ئۆکسجین و ئاستی بینین نەبوو.