964 باسی حوجرەتان بۆ دەكات

حوجرەی شێخ عەبدولقادر گەیلانی لە ھەولێر كرایەوە

964+

محەمەد فاتیح

حوجرە مێژوویەكی كۆنی هەیە لە هەرێمی كوردستان و بۆ زیاتر با یەخدان و گرنگیدان بەم بوارە دكتۆر پشتیوان سادق وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی، بە بەشداری چەندین کەسایەتی ئایینی و شێخانی تەریقەت، حوجرەی(شێخ عەبدولقادر گەیلانی) لەگەڕەکی تووڕەقی شاری ھەولێر کردەوە.

حوجرەکە بە شێوازێکی تازەو بەپێی ڕێنمایی ئەندازەیی دروستکراوە، تێیدا شوێنی مانەوەی فەقێیان و چێشتخانە و کتێبخانەیەکی دەوڵەمەندی تێدایە، لەگەڵ چەند هۆڵێکی خوێندن.

حوجرە بەو شوێنە دەوترێت کە زانستخوازی ئایینی ئیسلام (فەقێ)ی تێدا دەمێنێتەوە و لە ماوەی وەرگرتنی ئەم زانستە، شوێنی ژیان و خوێندنی ئەم فەقێیە دەبێت، لە زۆربەی شوێنەکاندا حوجرە بەشێکە لە مزگەوت و لێی جیا ناکرێتەوە.

هەر دوو زاراوەی حوجرە و خوێندنی ئیسلامی ئاوێتەی یەکترن و حوجرە ئەو شوێنەیە کە زانستە ئیسلامییەکانی تێدا دەخوێنرێت و ئەندامانی ناو حوجرەش بە فەقێ ناوزەد دەکرێن، بە تێڕوانین لە مێژووی کورد دەبینین کە حوجرە شوێن و پێگەی تایبەتی هەبووە لە پێگەیاندنی کەسانی سەرکردە و ڕۆشنبیر و ئەدیب و وەک بەشێکی دیاری مێژووی کولتووری کوردی دەردەکەوێت.

حوجره‌ و خوێندنگە ئایینییه‌كان له‌ كوردستان مێژوویه‌كی دێرینیان هه‌یه‌، ئه‌م دامه‌زراوه‌ ئایینییانه‌ بناغه‌ی ئاشناكردنی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردین‌ به‌ ئایینی ئیسلام، له ‌رێگه‌ی ئه‌م خوێندنگانه‌وه‌ سه‌دان كه‌سایه‌تی خاوه‌ن ئه‌زموون له‌ هه‌موو بواره‌كانی ژیاندا به‌رهه‌م هاتوون، ئه‌م ئاڕاسته‌ ئایینییه‌ خاوه‌ن فۆڕمێكی تایبه‌ته له‌ گوتار و به‌رنامه‌ و پێگه‌یاندندا و‌ زۆر جه‌خت له‌ پێكه‌وه‌ژیان و لێبورده‌یی و سانایی دەكاتەوه و بووه به مێژوویەكی جوانی دینداری كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستانی، كه‌ فۆڕمه‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌ی میانڕه‌ویی و یه‌كتر قبووڵكردنه.

حوجره تائێستاش بوونی هەیە لە هەرێمی كوردستان و بە سەدان فێركار پێ‌ دەگەیەنێت و حکومەتی کوردستانيش بەدابینکردنی زەوی شایستە و شوێنی گونجاو پاڵپشتی دروستکردنی حوجرە و قوتابخانەی ئایینی لە شوێنە پێویستەکان دەکات، بەڵام ئایا حوجرە دەتوانێت دووبارە كەسانی وەك حەزرەتی نالی و مەحوی بەرهەم بهێنێت؟