هەمیشە سەوز
4 پلەى سیلیزى فێنکترە؛ سەوزترین ماڵى گەڕەکى عەقارى
دیلان محەمەد- سلێمانى
تەنیا لەسەر رووبەرى 100 مەتر دروستکراوە، بەڵام یەکپارچە سەوزیى و گوڵ و گوڵزارە، ئەمە ماڵى “سامان محەمەد”ـە کە ماڵەکەى کردووە بە سەوزترین ماڵى گەڕەکى عەقارى لە شارى سلێمانى.
کاتێک لە کۆڵانى ئەو ماڵەوە تێدەپەڕى، کێوێکى سەوزى پڕ گوڵ و گوڵزار سەرنجت رادەکێشێت، چونکە وەک ئەوە وایە ئەو ماڵە نە پەنجەرەى هەبێت نە دیوار.
سامان محەمەد کە پیاوێکى بەسەلیقە و ژینگە دۆستە، لەبارەى سەوزکردنى ماڵەکەى بۆ 964 قسەى کرد و وتى،”مەرج نییە خانوویەکى 400 مەتریت هەبێت، دەتوانى بە 100 مەتریش سەوزایى دروست بکەیت و ئۆکسجینى خۆت و دەرودراوسێ بەرهەمبهێنیت”.
ئەو زیاتر گرنگى بەو گوڵ و روەکانە دەدات کە هەمیشە سەوزن، وەک دەڵێت لە هاویندا خانووەکەى 3 بۆ 4 پلە فێنکترە بەراورد بە دراوسێکانى.
ئەو ماڵە نەک تەنیا بۆ خۆى، بۆ دەرودراوسێ و ئەو کەسانەش کە لەو کۆڵانەوە تێدەپەڕن، بووە بە جوانى و فێنکى، زۆرجاریش سامان محەمەد لە رێگەى بڕینى لق و قەڵەمى روەک و گوڵەکانى، هاوکارى خەڵک دەکات و بێبەرامبەر پێیان دەبەخشێت تا ماڵەکانى خۆیان سەوز بکەن.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح