تەڵەکانی عێراق چەند ملیار دۆلاری گرتوە؟
عێراق بەردەوامە لە رێگریکردن لە قاچاخی دۆلار
964+
فەهمی نەبی
لە سەرەتای بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار لە بەرامبەر دیناری عێراقی، حکومەتی ناوەندیی بە راشکاوی دانی نەنا بە هۆکارە سەرەکیەکەی ئەو قەیرانە، کە بردنە دەرەوەی دۆلارە، بەڵام دواجار بە گۆڕینی پارێزگاری بانکی ناوەندی شوێنی خوێنبەربوونەکەی ئابوری عێراق دەرکەوت.
لە 8.2.2023ەوە، وەفدێکی بانکی ناوەندی و حکومەتی عێراق لە ئەمریکان، بۆ ئەوەی رێگری بکەن لە بڕیارە قورسەکانی بانکی ناوەندی ئەمریکی لە هەمبەر بردنە دەرەوەی دۆلاری ئەمریکی بۆ دەرەوەی عێراق، چونکە لە ساڵی 2004ەوە عێراق نەوتەکەی بە دۆلار دەفرۆشێت و پارەکەی لە بانکی ناوەندی ئەمریکا هەڵدەگیرێت و رۆژانە ئەو دۆلارە دەفرۆشێتە بانکە ئەهلیەکان.
بەر لەوەی شاندەکەی عێراق بەڕێبکەوێت بۆ ئەمریکا، لە بەغدا مانۆڕی رێگریکردن لە بردنە دەرەوەی دۆلار دەستیپێکرد.
یەکەم هەنگاوی کرداری بۆ رێگرییەکانی بردنە دەرەوەی دۆلار، فەرمانێکی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بوو، ئەو بڕیاریدا ئامێری سۆنەر لە هەموو دەروازەکانی نێوان شارەکان و دەروازە سنووریەکان دابندرێت.
رۆژی 14.1.2023 بە بڕیارێکی سودانی، چەند هێزێکی دژەتیرۆر، رەوانەی دەروازە سنورییەکان کران بۆ رێگریکردن لە بردنە دەرەوەی دۆلار.
لە 2.2.2023 سەرۆک وەزیران بڕیاریدا چەند ئەفسەرێکی هەواڵگری بنێرێتە بازگەکانی کەرکوک بۆ ئەوەی چاودێری ئەو بازگانە بکەن تا لەو رێگەیەوە بەر بگرن لە بردنە دەرەوەی دۆلار.
هەر ئەو رۆژە ئاژانسی فەرمی هەواڵی عێراقی رایگەیاند، لە پارێزگاکانی بەغدا و نەینەوا و سەڵاحەدین، هێزە ئەمنیەکانی عێراق چوار کەسیان دەستگیرکردووە، ئەو کەسانە 278 هەزار دۆلاریان حەواڵەکردبوو بەشێوەیەکی نافەرمی.
هەمان رۆژ ئەرشەد حاکم، وتەبێژی دەزگای ئاسایشی نیشتیمانی عێراق رایگەیاند، توانیویانە خاوەنی چەند گەورە کۆمپانیایەک دەستگیر بکەن کە دەستیان هەبووە لە یاریکردن بە نرخ و بردنە دەرەوەی دۆلار.
رۆژێک دواتر واتە لە 3.2.2023 دەزگای هەواڵگری عێراق بڵاویکردەوە هێزەکانیان لە بازگەی دیالەی قەزای خاڵسدا توانیویانە دەست بگرن بەسەر یەک ملیۆن دۆلار کە بەنیازبوون ئەو دۆلارانە بە قاچاخ ببردرێنە دەرەوە.
هەوڵەکان لێرە نەوەستان، راپۆرتی چەند دەزگایەکی راگەیاندنی جیهانی لەبارەی بردنە دەرەوەی دۆلار بڵاوکرانەوە.
رۆژی 4.2.2023 ماڵپەڕی میدڵ ئێست ئای بەریتانی، راپۆرتێکی لەسەر هەمان بابەت بڵاوکردەوە، زانیاریەکانی نێو راپۆرتەکە پشت بەستوو بووە بە زانیاری پێدانی دوو راوێژکاری محەمەد شیاع سودانی.
لە راپۆرتەکە هاتووە، لە رێگا وشکانیەکانی هەرێمی کوردستانەوە، رۆژانە 70 ملیۆن دۆلار دەبردرێتە تورکیا لەوێشەوە بۆ ئیمارات.
لەلایەکی دیکە عەلی حەمەساڵح، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان، لە سەرەتای مانگی شوبات، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسی ئەوەی راگەیاند، لەهەر سێ پارێزگاکەی هەرێم هەولێر، سلێمانی و دهۆک رۆژانە 80 ملیۆن دۆلار بە نایاسایی دەبردرێتە سێ وڵاتی جیاواز.
سۆران عومەر، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە 22.1.2023 لیستی ناوی 46 بانکی بڵاوکردەوە کە لەماوەی شەش ساڵدا 78 ملیار دۆلاریان بردووەتە دەرەوە، چوار لەو بانکانە لە هەرێمی کوردستانن.
دواجار هەنگاوەکانی توندکردنی رێوشوێنی بردنە دەرەوەی دۆلار گەیشتنە هەرێمی کوردستانیش، رۆژی 11.2.2023 دەروازەی ئیبراهیم خەلیل بڵاویکردەوە، گواستنەوەی پارەی کاش بۆ دەرەوەی وڵات راگیرا.
هەنگاوەکان نەوەستان رۆژی 2023.2.13 دەزگای ئاسایشی نیشتیمانی عێراق بڵاویکردوەتەوە، هێزەکانیان یەکێک لە گەورەترین قاچاخچیەکانی بردنە دەرەوەی پارەیان دەستگیرکردووە، ئەو قاچاخچییە ناوی “رامی حەسەن ناسر”ە و تۆمەتبارە بە بردنە دەرەوەی پارە.
هێشتا هیچ داتایەکی فەرمی نییە بۆ ئاشکراکردنی بڕی ئەو پارانەی دەستیان بەسەرداگیراوە، بەڵام ئێستا عێراق لەگەڵ ئەمریکا لە شەڕێکدایە، یان دەبێت بچێتە ژێرباری رێکخستنی سیستمی بانکی و رێگری لە بردنە دەرەوەی دۆلار بکات یانیش چارەنوسێکی خراپتر لەوەی دراوسێکانی چاوەڕێی دەکات.