عەلی زەیدی:
“کار بۆ چەکدانانی هەموو ئەو گروپانە دەکەین کە لەناو خاکی عێراقدان”
شۆڕش قادری
عەلی زەیدی سەرۆک وەزیرانی عێراق دەڵێت، بەپێی دەستوور کار بۆ چەکدانانی هەموو ئەو گروپە چەکدارانە دەکەن، کە لەناو خاکی عێراقدان.
زەیدی بەبۆنەی کۆتاییهاتنی ئەرکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق پەیامێکی بڵاوکردووەتەوە و نووسیویەتی، “پیرۆزبایی ئەم رۆژە مەزنە و کۆتاییهاتنی ئەرکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق و کشانەوەی تەواوەتیان وەک دەستکەوتێکی گەورەی نیشتمانی و وەدیهاتنی سەروەرییەکی تەواو لە هەموو لایەنەکانی عێراق دەکەین”.
گەیشتن بە سەروەری نەتەوەیی هەمەلایەنە دەستکەوتێکی نیشتمانی گەورەیە کە هەموو عێراقییەکان شانازی پێوە دەکەن
ئاماژەی بەوەشکردووە، 1ـی تشرینی یەکەمی 2026، سەرەتای هەوڵێکی جددییە بۆ چارەسەرکردنی پرسی چەک لە دەرەوەی کۆنتڕۆڵی دەوڵەت و جێبەجێکردنی ئەرکە دەستوورییەکان، بە پێی نەخشەڕێگایەکی ڕوون و نابێت کاتی رێککەوتنەکەش لە 30.6.2026 تێپەڕبکات.
بەپێی دەستوور کار بۆ داماڵینی چەک لەدەست هەموو گروپە چەکدارە غەیرە عێراقییەکان دەکەین
“حکومەت بەگوێرەی دەستوور کار بۆ داماڵینی چەک لەدەست هەموو گروپە چەکدارە غەیرە عێراقییەکان دەکات کە لەناو خاکی عێراقدان، بەمەش ئاسایش و سەقامگیری وڵاتەکە دەپارێزێت و ئارامیی سنوورەکانیش مسۆگەر دەکرێت”، عەلی زەیدی وادەڵێت.
دووپاتیشی کردووتەوە کە حکومەتی عێراق رێگەنادات لەرێی وشکانی و ئاسمانیشەوە خاکەکەی بۆ هێرشکردن و هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی وڵاتانی دراوسێ بەکاربهێنرێت، لەگەڵ ئەوەشدا دژی بەکارهێنانی ئاسمان و زەوی هەر وڵاتێک بۆ هێرش کردنەسەر خاکی عێراق دەوەستێتەوە.
هەر لە پەیامەکەیدا سەرۆک وەزیرانی عێراق باسی لە کڕینی سیستمی بەرگری کردووە و دەڵێت، حکومەتی عێراق بە کڕینی سیستمی بەرگری ئاسمانیی، سەروەریی ئاسمانیی و دامەزراوە ئەمنییەکانی دەپارێزێت.