“ناردنى دۆلاری قاچاغ بۆ ئێران رێگه‌ی لێنه‌گیراوه‌”

964+

ئەحمەد مستەفا – سلێمانی

ناردنی دۆلاری ئەمریکی بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران، جگە لە هۆکاری ئاڵوگۆڕی بازرگانی، بەشێکی لە بانکەکانیشه‌وه‌ بە بڕی زۆر حەواڵەی ئه‌م وڵاته‌ ده‌كرێت، ئه‌مه‌ به‌ وته‌ی وته‌بێژی بازاڕی دۆلاری سلێمانی.

ئێواره‌ی ئەمڕۆ دووشەممە 9ـی كانوونی دووه‌م، بەهای 100 دۆلاری ئەمریکی لە بەرامبەر دیناری عێراقی گه‌یشته‌ 159هەزار دینار، ئەمەش بە هۆکاری ئەوەی ئەمڕۆ چاوەڕوان دەکرا بانکی ناوەندیی عێراق بڕی 100 ملیۆن دۆلار بخاتە بازاڕەوە، بەڵام زیاتر لە 45 ملیۆن دۆلاری خستە بازاڕەوە، ئەمەش کاریگەریی زیاتری لەسەر دابەزینی بەهای دینار به‌رامبه‌ر دۆلار دروستكرد.

جەبار گۆران، وتەبێژی بازاڕی دۆلاری سلێمانی به‌ 964+ـی وت “بە شێوه‌ی کاش و لە رێگەی بانکەکانیشەوە له‌ سلێمانییه‌وه‌ دۆلار حەواڵەی ئێران ده‌كرێت”.

وتیشی “پرۆسەی بە كاش بردنە دەره‌وەی دۆلار ئاسان نییە، وەک حەواڵەکردن، ئەگەر هەشبێت بە بڕێکی کەم دەکرێ، چونکە پرۆسەی کۆکردنەوەی دراوی دۆلار قورسایی خۆی هەیە، بەڵام ئەوە زیاتر لە رێگەی بانکەکانەوە ئاڵوگۆری دۆلار بە بڕی گەورە لەگەڵ ئێراندا دەکرێت”.

کاتێک ئەم گرفتە بۆ بەهای دیناری عێراقی دروستبوو، بانکی ناوەندیی عێراق پێدانی دۆلاری بە زیاتر لە چوار بانک بە تۆمەتی سپیکردنەوەی پارە راگرت.

لەسەر ئاستی بازاڕەکان و بە تایبەت بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانیشدا، وتەبێژەکەیان ده‌ڵێت، کۆکردنەوەی پارە یان دۆلاری ئەمریکی لە نێو بازاڕ و خەڵکدا وایکردووە بردنە دەرەوەی ئاسان نەبێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ره‌تیناكاته‌وه‌ ئەم هەنگاوە رێگه‌ی لێگیرابێت.

“زۆرینەی مامەڵەی بازرگانی نێوان پارێزگای سلێمانی و کۆماری ئیسلامی ئێران بە دراوی ئەمریکییە، هیچ کۆمپانیایەکی حه‌واڵه‌كردن لە هەرێمی کوردستان و نووسینگەکانی دراو لە سلێمانی پشکیان نییە لە وەرگرتنی دۆلاری ئەمریکی لە بانکی ناوەندیی عێراقدا”، جەبار گۆران وا ده‌ڵێت.

بە وتەی وتەبێژی بازاڕی دۆلارەکە بێت، بوونی ئاڵوگۆڕ و هەماهەنگیی نێوان بانکەکان، هۆکارە بۆ چوونە دەرەوەی دۆلار بە بڕێکی زۆر.

جەبار گۆران دەڵێت “ئێستا دینار لە 7٪ بەهاکەی لەدەستداوە، کەس نییە لە بازاڕی دۆلاری سلێمانی بە بڕی جیاواز زیانی نه‌كردبێت، ئێستا چاوەکان لەسەر ئەوەن ئەو سەکۆ ئەلیکترۆنییەی دروست دەکرێت، هاوسەنگی بۆ بەهای دیناری عێراقی بگەڕێنێتەوە”.

ماوه‌ی سێ مانگه‌ نرخی دۆلاری ئه‌مریكی به‌رامبه‌ر به‌ دیناری عێراقی، له‌ عێراق و هه‌رێمی كوردستان له‌ به‌رزبوونه‌وه‌دایه‌، به‌رزترین ئاستیش ئه‌مڕۆ تۆماركرا، كاتێك 100 دۆلار گه‌یشته‌ 159 هه‌زار دینار.