دەبێت بەگوێرەی دەستووری عێراق بێت

عێراق مامەڵەی کۆمپانیا ئەمریکییەکان لەگەڵ هەرێم بە نادەستووری دەزانێت

محەمەد فاتیح

دوای ئەوەی ئەمریكا خۆشحاڵی خۆی بە گرێبەستەكانی لە گەڵ هەرێمی كوردستان دەربڕی و دامەزراوە فەرمییەكانی هەرێمیش بە یاسایی وەسفیان كردووە، وەزارەتی نەوتی عێراق هێندە ناڕەحەت بووە، بۆ جاری دووەم  ناڕەزایەتی دەردەبڕێت و دووپاتیکردەوە کە مامەڵەی کۆمپانیا ئەمریکییەکان لەگەڵ هەرێمدا، جیا لە حکومەتی فیدراڵی، نادەستوورییە.

وەزارەتی نەوتى عێراق دەڵێت، “پێشوازی لە كۆمپانیا ئەمریكییەكان دەكات و هەمیشە هەوڵدەدات لەگەڵیاندا کاربکات بۆ پەرەپێدانی کێڵگەكانی نەوت و غاز لەڕێگەی پەیوەندی و گرێبەستی راستەوخۆ، بەگوێرەی دەستووری عێراق و بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی لەوبارەیەوە و بەردەوامیشین لە گرێبەستکردن لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکان لە کەرتەکانی تری نەوت، وەک هەڵکەندنی بیر، خزمەتگوزاری نەوتی پەیوەندیدار، خزمەتگوزاری راوێژکاری”.

وتيشى، “هیچ لاریمان نییە لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو کۆمپانیایانە، بەڵام مامەڵەکردنی راستەوخۆیان لەگەڵ حکومەتی هەرێم، جیا لە حکومەتی فیدراڵی و کەناڵە فەرمییەکانی، پێشێلکردنی دەستووری عێراق و یاسا کارپێکراوەکانە”.