وەزیر و باڵیۆز کۆبوونەوە
ئەمریکا داوای کرد عێراق سوود لە هەناردەی نەوت و غازی هەرێم وەربگرێ
964+
ئەحمەد مستەفا
باڵیۆزی ئەمریکا داوای لە وەزیری نەوتی عێراق کردووە، سوود لە هەناردەکردنی نەوت و غازی هەرێمی کوردستان وەربگرێت بۆ هەنگاونان بەرەو سەربەخۆیی لە کەرتی وزەدا.
لە هەژماری خۆی لە تۆڕی ئێکس، ئەلینا رۆمانۆسکی باڵیۆزی ئەمریکا ئەوەی نووسیوە، لەگەڵ حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراقدا ئامادەکارییەکانی سەردانە چاوەڕوانکراوەکەی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراقی بۆ ئەمریکا تاوتوێ کردووە.
ئەوان باسی، سەربەخۆیی عێراق لە رووی وزەوە، کە بە سوود بە عێراقییەکان دەگەیەنێت و دەکرێت سوودوەرگرتن لە نەوت و غازی هەرێمی کوردستان یارمەتیدەر بێت بۆ عێراق بۆ ئەوەی بەرەو سەربەخۆیی لە کەرتی وزەدا هەنگاو بنێت تاوتوێ کردووە، باڵیۆزی ئەمریکا دەڵێت، دووپاتی ئەوە کراوەتەوە کە کاری هاوبەشی ئەمریکا و عێراق گشتگیرە.
بە گوێرەی نوێترین راپۆرتی “سەنتەری لێکۆڵینەوەکانی گەشەپێدانی نێودەوڵەتی” کە بارەگاکەی لە لەندەنە، لە نیوەی یەکەمی ساڵی رابردوودا، %80ی داهاتی هەرێم، داهاتی نانەوتی بووە، لەگەڵ ئەوەدا هەرێم ژمارەیەکی زۆری وەبەرهێنی بواری وزەی راکێشاوە بەتایبەت بۆ پەرەپێدانی کێڵگە غازییەکان، وەک لە راپۆرتەکە هاتووە یەدەگی غازی هەرێمی کوردستان 5.67 مەتر سێجایە، ئەو رێژەیە %3ی غازی یەدەگی غازی جیهان پێکدەهێنێت.
لە راپۆرتەکە ئەوەش هاتووە، عێراق چاوی لەوەیە لە رێگەی غازی هەرێمەوە ئەو کورتهێنانە پڕ بکاتەوە کە بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا پێویستی پێیەتی و تا دەستبەرداری غازی هاوردەکراوی ئێرانی ببێت، ئەم هەنگاوە بەتەواوی ترسی لای ئێران دروستکردووە، چونکە بە پێشخستنی کەرتی بەرهەمهێنانی غازی هەرێمی کوردستان، ئێران بازاڕێکی گەورەی کڕیاری غاز لەدەست دەدات و ئەمە بە هەڕەشەیەکی گەورە دەزانێت.
لە راپۆرتەکەی سەنتەری لێکۆڵینەوەکانی گەشەپێدانی نێودەوڵەتی هاتووە؛ بڕیارەکانی ئەم دوایەی دادگای فیدراڵی، بە شێوەیەکی یەکسان زیانی بۆ هەرێم و بەغدا هەبووە، بەو پێیەی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوانیان ئاڵۆزتر دەکات بە تایبەت وەک شایستەی کۆمپانیا نەوتییە بیانییەکان، کە لە هەرێم کاردەکەن لەگەڵ تێچووی دەرهێنانی نەوت، ئەمانە هەمووی هەڕەشەن لەسەر بەیەکجاری وەستانی ئەو کۆمپانیایانە لە بەرهەمهێنان، ئەمەش زیان دەبێت بۆ هەموو عێراق بەگشتی، بەو هۆکارە عێراق ناچارە موچەی فەرمانبەرانی هەرێم دابین بکات کە ئەمەش بارگرانی زۆر بۆ بودجە دروست دەکات.