کێڵگەی غازی کۆرمۆر _ وێنە: Dana Gaz
وەزیری سامانە سروشتییەكانی هەرێم:
“بۆ گرێبەستەكانی ئەمریكا پرسمان بە حكومەتی عێراق نەكردووە”
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
ئەمڕۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان دوو گرێبەستی لەگەڵ كۆمپانیاكانی ئەمریكا واژۆ كرد بۆ پەرەپێدانی كەرتەكانی نەوت و وزە، وەزیری سامانە سروشتییەكانی هەرێمیش دەڵێت، بۆ گرێبەستەكان پرسمان بە حكومەتی عێراق نەكردووە.
كەمال محەمەد وەزیری كارەبا و وەزیری سامانە سروشتییەكان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لە واشنتن، بۆ ژمارەیەك میدیای نزیك لە پارتی دیموكراتی كوردستان قسەی كرد، رایگەیاند، چەند گرێبەستێك بۆ پەرەپێدانی كێڵگەكانی غاز لەگەڵ كۆمپانیا ئەمریكییەكان كراوە، بۆ ئەمەش پرسیان بە حكومەتی عێراق نەكردووە.
وتیشی، گرێبەستەكان هاوبەشن و لە بەرژەوەندیی حكومەتی عێراقیشن، بۆیە پێویست ناكات كێشە دروست ببن، چونكە گرێبەستەكان پێشتر هەبوون و كۆمپانیای دیكە كارەكانیان وەرگرت و هیچ كێشەیەكی یاساییان نییە و كۆمپانیاكانی پێشوو كاریان نەكردووە.
ئاشكراشی كرد، كۆمپانیای گەنەل ئینێرجی توركی پابەندی گرێبەستەكەی نەبووە لەگەڵ حكومەتی هەرێم لە كێلگەی میران.
كەمال محەمەد هەروەها رایگەیاند، لە هەردوو كێڵگەی كۆرمۆر و خورمەڵە، 650 ملیۆن پێ سێجا بەرهەمی غاز هەیە، ئەو كارەبایەی بەو غازە بەرهەم دێت، نیوەی دەدرێتە حكومەتی عێراق، كە هەزار مێگاواتە.
وەزیری سامانە سرووشتییەكانی هەرێم بە وەكالەت، بە وردی قەبارەی گرێبەستەكانی ئاشكرا نەكرد، بەڵام وتی دەگاتە 110 ملیار دۆلار.
بەپێی راگەیەندراوێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە 19.5.2025 مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم، لە چوارچێوەی سەردانەکەی بۆ ئەمریکا، لە ژووری بازرگانی ئەو وڵاتە لە واشنتن، سەرپەرشتی و چاودێريی رێوڕەسمی واژۆکردنی دوو رێککەوتننامەی گرنگی لە بواری وزەدا کرد لەگەڵ هەردوو كۆمپانیای ئێچ کەی ئێن ئێنێرجی HKN Energy و وێستێرن زاگرۆس WesternZagros.