"دزیان کردووە و رێیان بە خەڵک گرتووە"

ئاسایشی هەولێر سێ تۆمەتبارییان دەستگیر کرد

ژێوار خدر

ئاسایشی هەولێر سێ تۆمەتباریان دەستگیرکردووە، کە لەناو شاری هەولێر دزیان کردووە و رێگریان لە چەند هاوڵاتیەک کردووە کە دوکانی ئاڵوگۆڕی دراویان هەیە، هەر بەوەشەوە نەوەستاون و بەهەمان ئەو ئۆتۆمبیلانەی کە دزیویانە تابلۆکانیان گۆڕیوە و چەند تاوانێکی دیکەی رێگری و دزیکرنیان لە هاوڵاتیان ئەنجامداوە.

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر بڵاویکردووەتەوە، ئەو سێ تۆمەتبارە، دوای ئەوەی چاودێری خاوەن دوکانەکانیان کردووە ،لە کاتی گەڕانەوەیان بۆ ماڵەوە هێرشیان کردۆتە سەریان و رێگەیان لێگرتووە و سەرجەم پارەکانیان بردوون، چەند ئۆتۆمبلێکیشیان دزیوە و بەهەمان ئەو ئۆتۆمبێلانەی کە دزیویانە تابلۆکانیان گۆڕیوە و چەند تاوانیکی دیکەی رێگری و دزیکرنیان لە هاوڵاتیان ئەنجامداوە.

دەشڵێت، لە کاتی دەستگیرکردنیاندا دەستیانگرتووە بەسەر چەند چەکێکی بێ مۆڵەت و ژمارەیەک تابلۆی ئۆتۆمبیلی ساختە و (سێ) ئۆتۆمبیلی دزراودا، تۆمەتبارەکانیش پێشینەی تاوانیان هەیە و پێشوتریش دەستگیر کراون و سزای یاسایی دراون.

داواشی لە هاوڵاتییان کردووە، هەر کەسێک سکاڵای یاسایی لەسەریان هەیە سەردانی ئاسایشی هەولێر بکات و سکاڵاکەی بکات.