شارەوانیی سەیدسادق

“هەرکەسێک سەرپێچى ژینگەیى کرد وێنەى بگرن و بۆمان بنێرن”

وریا فەتاح

شارەوانیی سەیدسادق رێكاری یاسایی بەرامبەر سەرپێچیكارانی ژینگە دەگرێتەبەر و داوا لە هاوڵاتیان دەکات هەرکەس سەرپێچى ژینگەیى کرد وێنەى بگرن و بینێرن بۆیان.

لە  راگەیەندراوێكدا سەرۆكایەتیی شارەوانیی سەیدسادق داوا لە هاونیشتمانیانی قەزاكە دەكات، زانیاری و وێنەی ئەو كەسانەیان بۆ بنێرن كە سەرپێچی ژینگەیی ئەنجام دەدەن و رۆڵیان لە تێكدانی ژینگەی شارۆچكەكە هەیە، تا سزای یاسایی بدرێن.

دەشڵێت: لەکاتی بینینی ئەو خاوەن ئۆتۆمبێلانەی هەڵدەستن بە فڕێدانی خۆڵ و خاشاک لە شوێنە گشتییەکان و گۆڕەپان و چەم و شەقامەکان، لەگەڵ ئەو ئۆتۆمبێلانەی نەمام و درەختەکانی دوورگە ناوەندییەکان و شۆستەکان دەشکێنن و تێکیدەدەن، تەنیا ژمارەی ئۆتۆمبێلەکان و جۆرەکەیمان بۆ بنێرن بە وێنەوە بە مەبەستی گرتنەبەری رێکاری یاسایی و غەرامەکردنیان.

دڵنیایش دەدات، کە ناو و ژمارەى ئەو کەسانە پارێزراوە کە هاوکاریان دەکەن و وێنەى سەرپێچیکارانیان بۆ دەنێرن.

وەک باسکراوە، ئەو کارە بۆ رێگرییکردنە لە پیسبوونی ژینگەی شار و شکاندنى نەمامەکان.

ئاشکراشى کردووە، لە چەند رۆژی رابردوو رێکاری یاسایی بەرامبەر خاوەن ئۆتۆمبێل گیراوەتەبەر.