تەقتەق ماسیی هەموو عێراق دابین دەکات
پارەی کیلۆیەک گۆشت چوار کیلۆ ماسی دەکات
رازاو محەمەد – سلێمانی
گرانیی گۆشتی سوور بازاڕی ماسیی گەرمکردووە و فرۆشیارێک دەڵێت، پارەی کیلۆیەک گۆشت چوار کیلۆ ماسی دەکات .
کاروان نوری، ماسیفرۆشە لە ناوبازاری شاری سلێمانی، بۆ 964 دەڵێت، چەند جۆرێکی ماسی لە بازاڕدا هەن، لەوانە ماسیی کارب کە نرخی کیلۆیەکی چوار هەزار و 500 دینارە.
“بەهۆی گرانیی گۆشتی سوورەوە هاوڵاتیان زیاتر ماسی دەکڕن چونکە نرخەکەی هەرزانترە و پارەی کیلۆیەک گۆشتی سوور چوار کیلۆ ماسی دەکات”. کاروان نوری، وادەڵێت.
زیرەک زاهیر، خاوەنی کێڵگەی ماسی لە تەقتەق، دەڵێت، تەقتەق لە ماسییا رەقەم یەکە و بۆ هەموو عێراق ماسی دابین دەکات.
دەشڵێت، “تێچووی بەخێوکردنی ماسی بەراورد بە مریشک زۆرترە و بەو هۆیەوە نرخەکەشی لە مریشک گرانترە”.
پێداچوونەوە: کوردستان جەلال